هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وه‌زاره‌تی داد: وەرگرتنی ڤاکسین بۆ فەرمانبەرانی و هاووڵاتییان دەکاتە مەرج

وەزارەتی داد  فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتییان ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت تا سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ڤاكسینیان وه‌رگرتبێت ، به‌ پێچه‌وانه‌ ناتوانن ده‌وام بكه‌ن ،  یاخوود هاووڵاتییان ناتوانن سه‌ردانی بۆ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كان ئه‌نجامبده‌ن.
بەگوێرەی گشتاندنێک کە واژووی فرسه‌ت ئه‌حمه‌د وه‌زیری دادی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لەسەرە و ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌:  لە سەرەتای ساڵی  2022 فەرمانبەرانی وەزارەت و فەرمانگەکانمان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین رێگەیان پێنادرێت دەوام بکەن.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌:  ئەو هاووڵاتییانەی ڤاکسینیشیان وەرنەگرتووە ناتوانن سەردانی وەزارەت و فەرمانگەکان بکەن.

لە  سێ خاڵی گشتاندنه‌كه‌ی وەزارەتی داد هاتووه‌:
1- هەر فەرمانبەرێک لەهەر پلەو پۆستێک بێت ئەگەرتا 1/1/2022  ڤاکسینی  وەرنەگرتبێت، ناتوانێت پابەندبێت بەدەوامی  فەرمی.
2- لەدوای 1/1/2022ـەوە  هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بە مەبەستی رایکردنی مامەڵەکانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین. 
3- لە کاتی جێبەجێ نەکردنی  ئەم گشتاندنە، سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگە  روبەرووی لێپێچینەوە دەبن