كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردسان و یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (19ی كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2021) به میوانداریی بافل جه‌لال تاڵه‌بانی له ده‌باشان سازكرا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێكی گرنگ كرا، كه تایبه‌ت به دۆخی سیاسی عێراق دوای هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو و ئیستیحقاقه‌كانی كورد و یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی كوردستانی له سه‌رجه‌م دۆسیه گرنگه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كانه له به‌غدا.
هه‌وڵدان بۆ گه‌ڵاڵه‌ی كۆتایی كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌شی كوردستانی له‌سه‌ر بنچینه‌ی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه و ته‌وافق و ته‌وازنی ده‌ستووری، وه‌ك له عێراقی نوێ‌دا له‌سه‌ری پێكهاتبووین، به‌شێكی دیكه بوون له كۆبوونه‌وه‌كه.
هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له هه‌موو روویه‌كه‌وه، به تایبه‌تی له رووی گوزه‌ران و مووچه و شایسته داراییه‌كانی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به توێژی خوێندكاران و قوتابیانیشه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر مه‌ترسی ئه‌منی و سه‌ربازی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریسیتی داعش له كه‌ركووك و ناوچه دابڕێنراوه‌كان كرد، له‌م بواره‌دا به پێویست زانرا، هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌ویی هه‌ردوولا هه‌بێت، وه‌ك به‌شێك له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ر خاك و خه‌ڵكی كوردستان له‌و ناوچانه‌دا هه‌یه، هه‌ر وه‌ك به‌شێكیش له پێویستی دابینكرنی ژینگه‌یه‌كی باشی ته‌بایی و یه‌كڕیزی نێوان هه‌ردوولا و هێزه سیاسییه‌كانی دیكه به‌ره‌و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كان بۆ خێر و خۆشی گه‌له‌كه‌مان، له‌م باره‌شه‌وه میكانیزمی پێویست بڕیاری لێوه‌درا.