حکوومەت، سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەران دروست دەکات

بۆ یەکەمجار لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا، ئەنجوومەنی سندووقی خانەنشینیی فەرمانبەران پێک هێنرا. ئەنجوومەنەکە سەر بە وەزارەتی دارایی دەبێت و لە 9 ئەندام پێک دێت. سەرچاوەی داهاتەکانی لە 7 شوێن دەبێـت و داهاتەکەشی تەنها بۆ سندووقەکە دەبێت.

وەزارەتی دارایی پەیڕەوێکی بۆ بەڕێوەبردنی سندووقەکە دەر کردووە، کە لە 10 ماددە پێک هاتووە. یەکێک لە ماددە گرنگەکانی یاسای چاکسازی پێداچوونەوەیە بە خانەنشینیی فەرمانبەران و پلەباڵاکاندا. هەنگاو بە هەنگاو ماددەی خانەنشینی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کردنەوەی ئەم سندووقە و پێکهێنانی ئەنجوومەنەکەی لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدایە و بەم نزیکانە ڕاپۆرتی سێیەم وردەکاریی جێبەجێکردنی یاساکە دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان.
جگە لە داهاتی وەبەرهێنانی سندووقەکە، مانگانە 7٪ی مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران کە لە بری خانەنشینی دەگێڕدرێتەوە، دەخرێتە سندووقەکەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش 12٪ی مووچەی بنەڕەتی دەخاتە سەری و دەبێتە 19٪، داهاتی سندووقەکە تەنیا بۆ ماف و ئیمتیازاتی خانەنشینان خەرج دەکرێت.
داهاتی مانگانەی ئەم سندووقە، نزیکەی 60 ملیار دینار دەبێت کە 21 ملیار دیناری لە مووچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران پێک دێت و، بڕەکەی دیکەشی حکوومەتی هەرێم پارەکەی تێدا دادەنێت. بەڕێوەبەرەکانی خانەنشینی دێن لە چوارچێوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هەتا میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە لەرووی خانەنشینی دێنە ژێر باری ئەو سندووقە کە کاری خۆیان دەکەن. کردنەوەی سندووقەکە دەرخەری ئەوەیە کە کابینەی نۆیەم شەفافانە یاسای چاکسازی جێبەجێ دەکات، بۆ یەکەم جاریشە سندووقەکە لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت، کە یەکێکە لە ڕێگاکانی دڵنیایی بۆ خانەنشینان کە ئەو بڕە پارەی لە مووچەکانیان دەبڕدرێت لەو سندووقە هەڵدەگیرێت بۆ کاتی خانەنشینبوونیدا.
لە هەرێمی کوردستان، ملیۆنێک و 205 هەزار مووچەخۆر هەن، کە نزیکەی 250 هەزاریان خانەنشینن و مانگانە نزیکەی 115 ملیار دینار مووچەیان هەیە کە دەکاتە نزیکەی 20٪ی مووچەخۆران.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دیار کرد، دەستەی بەڕێوەبردن بەسەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و ئەندامیەتیی چەند بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی پلاندان، وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجوومەنی ئاسایش، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەخۆ دەگرێت، ئەمانە دەبنە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەی کە پەیوەست بێت بۆ دابینکردنی میلاک و دابینکردنی دەستە و هەیکەلیەت بۆ بەڕێوەبردنی سندووق لەو ماوەیەدا کاری لەسەر دەکەن”.
سەعید هەرکی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ “هەولێر” دەڵێت: “تا ئێستا زەمانەت نەبوو بۆ مووچەی خانەنشینی، لێرە بەدواوە ئەو پارەی مانگانە لە فەرمانبەران دەگێڕدرێتەوە دەچێتە ئەو سندووقە، بۆیە ئەو سندووقە دەبێتە زامنی مووچەی خانەنشینی، کە ئێستا 246 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی لە هەرێمی کوردستان هەن، بە هەبوونی ئەو سندووقە ئەو بارگرانییە لەسەر حکوومەت لا دەچێت.
هەرکی، دەشڵێ: “پێش سەری ساڵ ڕاپۆرتی سێیەمی چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئەو ڕاپۆرتە جیاواز دەبێت لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی پێش خۆیی”.

ھەواڵی زیاتر