حکوومەت لە هۆکارە مرۆییەکانی لافاوەکە دەکۆڵێتەوە و لایەنی کەمتەرخەم سزا دەدات

لە ماوەی مانگێکدا لافاو بۆ جاری دووەم لە هەولێری پایتەخت هەستا و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماددیی بە هاووڵاتیان و هەندێک پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازی گەیاند. هەرچەندە لافاو لە ئاکامی بارانی زۆر و ڕووداوێکی سروشتییە، بەڵام هۆکاری مرۆییش بێ کاریگەر نییە، بۆیە حکوومەت بڕیاری داوە لەو هۆکارە بکۆڵێتەوە و لایەنی کەمتەرخەم سزا بدرێت. بەرپرسێکی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت کێشەکانی ڕێڕەوی ئاو زۆرن و هەر کامێکیان ڕێکاری جیاوازیان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.

زیانی ئەم جارەی لافاوەکەی هەولێر زیانی گیانیشی بەدواوە بوو و لانیکەم ١٠ کەس بەهۆی لافاوەکەی هەولێر و دارەتوو و قوشتەپە گیانیان لەدەست دا و باس لە بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەکی تریش دەکرێت.
لافاوەکەی ئەم جارە لە گەڕەک و کۆمەڵگەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەستا و دەیان ئۆتۆمبێل بەهۆی تەوژمی لافاوەکە زیانیان بەرکەوت و دەیان خانووش پڕئاو بوون. جگە لە شارەدێی دارەتووی هەولێر گەڕەکەکانی ڕۆشنبیری و ژیان و قەتەوی و ژمارەیەک گوند و ژمارەیەک پڕۆژەی کشتوکاڵی و پیشەسازیش زیانیان بەرکەوت. دەیان ئۆتۆمبێل تێک شکان و زیان بە دەیان دووکانیش کەوت.
لافاوی ئەم جارەی هەولێر هەرچەندە بەهۆی ئەو بارانە زۆرە بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا لە شارەکە باری و پێشتریش دەزگای کەشناسسی عێراقی و کوردستانیش هۆشدارییان دابوو، بەڵام دەستی مرۆییش لەم ڕووداوەدا بێ کاریگەر نەبوو و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی لە کاتی بەسەرکردنەوەی لێقەوماوانی لافاوەکە لە شارەدێی قوشتەپە ئاماژەی بەڕاستییەکە کرد.
رۆژی هەینی، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ قوربانیانی لافاوەکە باسی لە هەندێک هۆکاری مرۆیی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لەوەی کاریگەرییەکانی لافاوەکە زیاتر ببن.
ناوبراو گوتی، بەشێکی هۆکارەکە ئاسەواری ئەو پڕۆژە خراپانەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا جێبەجێ کراون و بۆیەش
بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ ئەوەی بزانن لە کوێ کەمتەرخەمی هەبووە، لە کوێ کاری زانستی نەکراوە و ڕەچاوی ستانداردەکان نەکراوە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن و لەو كەسانە بپێچنەوە کەمتەرخەمییان هەبووە چونکە هەر کەسێک لەم بارەیەوە کەمتەرخەم بووبێت ئەوا لەڕووی یاساییەوە لێپێچینەوەی پێویستی لەگەڵدا دەکرێت.
جێی باسە سەرۆکی حکوومەت تەواوی دامەزراوەکان و لایەنە پێوەندیدارەکانی وەک پارێزگا و زێڕەڤانی و ئاسایش و پێشمەرگە و وەزارەتەکانی ڕاسپارد بە هانای خەڵکەوە بچن. هاوکات لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستییانەی دەوروبەری هەولێر بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی ڕێڕەوی ئاوەکە چارەسەر بکرێت .
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێت کە هەولێری پایتەخت لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زۆر بە خێرایی گەشەی کردووە و فراوان بووە و کۆمەڵگەکانی دەوروبەری هەولێر لەگەڵ پایتەخت تێکەڵاوبوون. ژمارەی پڕۆژەکان زۆر و زەوەند بوون و سەرپێچی چ لە لایەن هاووڵاتیان و چ لە لایەن هەندێک لە پڕۆژەکان لە ئارادا بووە.
ئاری ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ، بۆ هەولێر ئاماژه‌ی دا، پرسی کۆبوونەوەی ئاو و چارەسەرکردنیان تەنیایەک بابەتی دیاریکراو نییە بتوانرێت بە خێرایی چارەسەری بکەن، بەڵکوو کۆمەڵێک کێشەی جیاواز هەن کە چارەسەرکردنی هەر کامێکیان پێویستی بەڕێکاری تایبەت بەخۆی هەیە.
ئەو گوتیشی گرنگ ئەوەیە حکوومەت سوورە لەسەر ئەوەی سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکات و لە داهاتوودا ڕێ لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە بگرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، هەندێک لە ڕێڕەوەکانی ئاو زێدەڕۆییان خراوەتە سەر هەندێکیان لە لایەن پڕۆژەکانی و هەندێکی تریش لە لایەن خەڵک و جووتیاران بۆ مەبەستی جیاواز بەکار هاتوون. بەشێک لەو ڕێڕەوانە بە پڕۆژەی نوێ و زێرابی گەورە و گواستنەوەی ئاو چارەسەر دەبن و بەشێکی تریش پێویستیان بە چارەسەری یاسایی و هەندێکیش پێویستیان بە لێپێچینەوە و نەهێشتنی زێدەڕۆیی و گرتنەبەری ڕێکاری جیاواز هەیە.
لەو هۆکارانەی وا دەکات ئاو کۆ ببێتەوە بەشێکیان سروشتی و بەشێکی تریان دەستکردن و ئەوەی پێویستە کار لەسەر هەمووان بکرێت و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئاوەڕۆ، حکوومەت شارەوانییەکانی ڕاسپاردووە بە بەردەوامی کەند و ڕێڕەوەکان خاوێن بکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بودجە تەرخان کراوە. بۆ نموونە ٩٧٠ ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ خاوێنکردنەوەی کەندەکان کە زۆر جار زبڵ و پاشماوەیان لێ کۆ دەبێتەوە و دەتوانێت هاوکاریی ئەوە بکات ڕێڕەوی ئاو نەگیرێت و پاشماوەکان نەبنە هۆی دروستبوونی کۆکردنەوەی ئاو و سەرهەڵدانی لافاو.
حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان بڕیاری داوه‌ ھه‌رچی پێویسته‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و ڕێ له‌ هەستانەوەی لافاو بگرێت.

ھەواڵی زیاتر