بەھۆی ئامادەکاریی پێشمەرگەوە جووڵەی داعش کەم بووەتەوە

ئامادەکاریی پێشمەرگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی جووڵەی تیرۆریستانی داعش ھەبووە و سەرچاوەیەکی سەربازییش دەڵێت، داعش توانای ھێرشی گەورەی نەماوە بەرامبەر بە پێشمەرگە.

لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری بەرپرسی میحوەری قەرەتەپە ڕایگەیاند: “تیرۆریستانی داعش تەنیا لە دوو ناوچە سوودیان لە بۆشاییی ئەمنی بینیوە و ماون کە ناوچەی غەررە و چیای قەرەچۆغە، مانەوەی داعش لەو دوو ناوچەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە پێشمەرگە کشاوەتەوە و بۆشاییی ئەمنی ھەیە، ھێزە عێراقییەکانیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەیان نییە.”

بەرپرسەکەی پێشمەرگە گوتی: “ئەو دوو ناوچەیە، دوو ناوچەی سەختن لەڕووی جوگرافییەوە و پێویستە پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان ھەماھەنگی بکەن بۆ ئەوەی داعش دەرپەڕێنن لەو سنوورە، چونکە تا مابنەوە مەترسین بۆ سەر خەڵک و ھێزی پێشمەرگە.”

لیوا محەمەد ڕۆستەم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “لە ئۆپەڕاسیۆنی ڕۆژانی ڕابردوودا  ئامادەکاریی ھێزی پێشمەرگە توانیویەتی تا ڕادەیەک داعش کپ و بێدەنگ بکات، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە داعش نەماوە.”

سەرچاوەیەک لە مەخمووریش ڕایانگەیاند: “لە سنووری مەخمووریش چەند ڕۆژێکە داعش بێدەنگە و لە جووڵە وەستاوە، چونکە پێشمەرگە بەردەوام زانیاری لەسەر جووڵەی داعش کۆ دەکاتەوە و لە ھەر شوێنێک مەترسی ھەبێت، ھێزی تێدا جێگیر دەکرێت.”

لەبارەی ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆن لە چیای قەرەچۆغ، سەرچاوەکە دەڵێت: “ھێشتا بڕیاری بەڕێوەبردنی ئۆپەڕاسیۆن نەدراوە، بەڵام ئامادەکاریی زۆر کراوە و پێشمەرگە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە، ئەگەر چەکدارانی داعش نیازی ھێرشکردنیان ھەبێت ئەوە ناتوانن ھێرشی گەورە بکەن، تەنیا بە سوودوەرگرتن لە کەشوھەوا و بۆشاییی ئەمنی لە ھەندێ شوێن لە دەرفەت دەگەڕێن و ئێستا بەھۆی ئامادەکاریی پێشمەرگەوە. ڕەوشەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.”

ھەواڵی زیاتر