لیژنەی لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی هۆکاری لافاو لە هەولێر دەستبەکاردەبن
لەسەر فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی كوردستان، ئهمڕۆ شهموو لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە و دەرخستنى هۆکارەکانى دروستبوونى لافاو و چارەسەرییهكان پێكهێنرا و یەکەم کۆبوونەوەى خۆشى ئەنجام دا.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە لەسەر ڕاسپاردەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەهۆکارى دروستبوونى لافاو لە شارى هەولێر و دەستنیشانکردنى ڕێگاچارە بۆ بەرگرتن و دووبارە نەبوونەوەى لافاو لەشارى هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆک و ئەندامانى لێژنەى ناوبراو ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر فەرمانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى پێ ڕاگەیاندن کە لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارى دروستبوون و دووبارەبوونەوەى لافاو لە شارى هەولێر بکەن، بۆئەوەى بزانرێت كهمتهرخهمیی و کێشەكان له كوێ ههبووه و لە کوێش دەستکارى و ڕێگرى لە كهندەکان کراوە کە بۆتە هۆکارى دروستبوونى ئەو لافاوە.
هەروەها تەئیکدیشی لەسەر ئەوە کرایهوه کە بە هیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و خاوەن پڕۆژهیەک بکرێت کە دهستدرێژی كردبێتە سهر رێڕهوی ئاو یان بهشێوهیهك لە شێوەکان پرۆژهكانیان لەسەر ڕێڕەوى ئاو جێبهجێ كردبێت و ئەمجۆرە ڕووداوە نەخوازراوانەى لێكەوتبێتەوە.
پارێزگاری ههولێر ڕاشیگەیاند كه دەبێت لێژنەى ناوبراو هەموو ئەوانەی دهستنیشان کرا، کاریان لەسەر بکات و بە پەلە ڕێگاچارەى یەکجارەکی بۆ بەرگرتن لە دووبارە نەبوونەوەى لافاو بدۆزێتەوە.