بەرگری شارستانی هەولێر ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات بۆ خۆپاراستن لە زیانەکانی لافاو

گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵەکانیان.

ڕائید سەرکەوت کاڕەش گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی کۆمەڵێک ڕێنماییدا بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان.

دەقی ڕێنماییەکەی بەرگری شارستانی هەولێر:-

بۆ سەلامەتی و پاراستنی سەروماڵی خۆتان و هەموو لایێك وەکو پلانی پێشوەختە بە پێویست دەزانرێ کە ئەگەر لافاو ڕوویدا رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەن :-

۱. سوود لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەرگرن کە پێشوەختە پێشبینیەکانی باران بارین و ئەگەری لافاو بڵاودەکەنەوە ، هەوڵ بدەن ئامادەکاریەکانتان لە ڕۆژدابێت چونکە لەشەودا کاتی زیاتری دەوێ .

۲. ئەو ماڵانەی کە زیاتر شوێنەکانیان ئاوگرە و ساڵانی پێشتر دووچاری ئەم بارە هاتوون ، پێویستە کەل و پەل و خواردەمەنیەکانیان ببەنە نهۆمی سەرەوە یان شوێنێکی بەرز بەمەش ئەگەری پاراستنی زیاتری دەبێت .

۳. دڵنیا بنەوە لەوەی کە زێرابی ماڵ و کۆڵانەکانتان نەگیراون ، چونکە دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاوی لافاوەکە و دواجار پیسی ناو زێرابەکە دەگەڕێنێتەوە ناو ماڵ و بارەکە ئاڵۆزتر دەکات .

٤. هەوڵ بدەن لەو کاتەدا ئەندامانی خێزان هەموو لەماڵەوە لەگەڵ یەکتربن بۆ ئەوەی سەرۆک خێزان سەرقاڵی بەدواداگەڕان و دۆزینەوەی تاکەکانی خێزانەکەی نەبێ . دەشێ بەو نەچوونە دەرەوەتان لەماڵ ببیتەهۆی زووتر رزگارکردنی سەروماڵی هاونیشتمانییان بەوەی ڕێگاکەتان چۆڵ کردووە تاکو پیاوانی بەرگری شارستانی بەهانای خەڵکیەوە بچن .

٥. هەوڵ بدەن ئۆتۆمبێلەکانتان لەژێر کەپر و لە ژێر دار و درەخت و لە تەك دارتەل (عەمود) ی کارەبا ڕامەگڕن چونکە لە نیشانە بەهێزەکانی بارانی بە خوڕ و لافاو ؛ ڕەشەبایە و هەورە تریشقەیە .

٦. ئەگەر لافاوەکە دروستبوو ـ وەک پێشبینی دەکرا ـ ئەوا بێ شلەژان و بە هۆشیاری سەرچاوەی کارەبا و گازی سروشتی بکوژێنەوە ، وە ئاگەداربە بە هیچ جۆرێک دەستکاری هیچ خاڵێکی کارەبایی مەکە کە کوژابێتەوەش دەشێ شۆرتی کردبێ و کارەساتی لێبکەوێتەوە.

۷. ئەگەر لەناو ئۆتۆمبێل بوویت هەوڵ بدە بەو رێگایانە دابڕۆیت کە شارەزایت و مەچووە ئەو ڕێگایە کە ژێر ئاو کەوتووە چوونکە لەو کاتانەدا قوڵایی ئاوەکە رون نییە . وە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت کوژایەوە ئەوا زوو جێی بێڵە چونکە شەپۆڵی ئاو دەشێ وەریبگێڕێ ، یان لەژێر کۆنترۆڵی تۆ دەربچێ و بەرەو رێرەوی ئاوەکە بخزێ .

۸. لەو رۆژەدا هەوڵ مەدە وێنە و ڤیدیۆی لافاوەکە بگریت و بڵاوی کەیتەوە ، یاخود کە پردێک یان بەربەستێک کەوتۆتە بەر شەپۆڵی ئاو ؛ هەوڵ مەدە لە لێواری سێڵڤی بگریت و روونکردنەوە بدەیت چونکە لەهەر کاتێکدابێت دەشێ هەرەس بێنێت .

۹. لەهەر بارێکی نەخوازراو پەیوەندیمان پێوەبکەن لەڕێگەی ژمارەکانی (115) وە (125) ، ئێمە پشتیوان بە خودا و بە هەماهەنگی لەگەڵ برایانمان لە تیمەکانی شارەوانی و پۆلیسی فریاکەوتن بەهاناتانەوە دێین .

سەلامەتی ئێوە ئامانجی ئێمەیە..

ھەواڵی زیاتر