تەندروستیی دهۆک 30 تیمی بۆ رووداوی نەخوازراو خستە ئامادەباشییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک، 30 تیمی تەندروستی خستە حاڵەتی ئامادەباشی، بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو، کە بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە رووبدەن.

لەمبارەوە، حەمزە رەزیکی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ هەینی، بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی تەندروستیی پەیوەندیدار بە حاڵەتی لەناکاو ئەنجام درا و باس لەو ئامادەکارییانە کرا، کە لە کاتی رووداوی نەخوازراوی وەک لافاو، هاوکاریی هاووڵاتییان بکرێ و بەشداربووانیشی راسپارد، کە تەواوی رێوشوێنەکان بگیرێنەبەر و لە 24 کاتژمێردا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بمێننەوە”.

ئەو گوتەبێژەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاشکراشی کرد: “بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک 30 تیمی لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک پێکهێناوە، لەگەڵ چوار تیمی فریاکەوتن، کە لەگەڵ هەر حاڵەتێک و رووداوێکدا لە شوێنەکە ئامادە بن و فریای هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای دهۆک بکەون، ئامادەیی خۆیشیان بۆ هەر هاوکارییەک بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەولێر دەربڕی”.

ھەواڵی زیاتر