ژمارەى بانکى بۆ کۆکردنەوەی هاوکارى بۆ لێقەوماو و زیانلێکەوتووان دادەنرێت

نووسینگەی پارێزگای هەولێر ژمارەی بانکی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەمڕۆ هەولێر دادەنێت.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بەداخەوە لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە هۆى هاتنی شەپۆلێکى بەخورى باران لافاو لە چەند گوند و ناوچەیەکی سنوورى پارێزگاى هەولێر دروست بوو و لەئەنجامدا جگە لە زیانى ماددیى زیانى گیانیشى لێکەوتەوە، وێڕاى پرسە و سەرەخۆشی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیانى ئەم کارەساتە سروشتیە، داوا لە خودای گەورە دەکەین گیانی قوربانیان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆی و بە بەهەشتى بەرینیان شاد بکات..

ڕاشیگەیاند: لێرەشەوە دڵنیایی دەدەینە سەرجەم هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان هەموو هەوڵ و توانایەکى خۆمان خستۆتەگەڕ و تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانى (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگرى شارسانى و تەندروستى و شارەوانیەکان و ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا) له‌ ئامادەباشى و كارکردن و به‌دواداچوونی بەردەوامدان بۆ پێشهاته‌كان و هەرچى پێویست بێت بۆ زیانلێکەوتووان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان ئه‌نجامى ده‌ده‌ین.

نووسینگەی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیانراوەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات کە بەداخەوە ئەوەى کە ڕوویداوە لەشارەکەمان کارەساتێکى سروشتیى بەدەر لەتواناى مرۆڤ بووە و پێویست بەوە ناکات هیچ کەس و لایەنێک ئەو ڕووداوە کارەستبارەى بەسەر هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەماندا هاتووە بیقۆزێتەوە و بە سیاسى بکات، هەرکەس و لایەنێک و گروپ و خێرخوازێک دەیەوێت دەستى یارمەتى بۆ قوربانییان و لێقەوماوان و زیانلێکەوتووان درێژبکات، دەتوانێت لەڕێگەى ژمارە حسابی (508) بانکى منارە هاوکارى و کۆمەک و یارمەتییەکانیان بگەێنن.

ھەواڵی زیاتر