رۆژنامەی ھەولێر

وەزیری کارەبا: ئێستا بە تێکڕایی 13 کاتژمێر کارەبا دەدرێت

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد کە بەهۆی پێوەری زیرەکەوە بە فیڕۆچوونی کارەبا لە %48 بۆ %34 کەم کراوەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە: “ئەندامانی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ بەدواداچوونی دۆخی کارەبا سەردانی وەزارەتی کارەبایان کرد و لە کۆبوونەوەکەدا کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا وەڵامی چەند پرسیارێکی پەرلەمانتارانی دایەوە”.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا رایگەیاندووە: “ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم بە 13 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە شەش هەزار و 900 مێگاواتە و ئێستا سێ هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دێت و خواستیش لەسەر کارەبا بۆ شەش هەزار مێگاوات بەرز بووەتەوە”.

ئاماژەی بەوەش داوە کە نەبوونی سووتەمەنی و گرفتی دارایی رێگرە لەبەردەم بەگەڕ خستنی چەندین یەکەی وێستگەکانی بەرهەمهێنان.

هەروەها وەزیری کارەبا ئاشکراشیکرد کە ئێستا بە تێکڕایی 13 کاتژمێر کارەبا دەدرێت و لە ماوەی ئەمساڵ بە تێکڕایی17 کاتژمێر کارەبا دراوە.

روونیشیکردووەتەوە: “بەهۆی پێوەری زیرەکەوە بە فیڕۆچوونی کارەبا لە %48 بۆ %34 کەم کراوەتەوە، پێش بەستنی پێوەری زیرەک، لە دهۆک ساڵانە 600 گۆڕەری کارەبا دەسوتا و هەرکامەیان بە تێچوونی 5000 دۆلار چاک دەکرانەوە”.

هەروەها وەزیری کارەبا لەم دیدارەدا، پلان و بەرنامەی وەزارەت، ئاستەنگ و هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرتی کارەبا خستەڕوو.