رۆژنامەی ھەولێر

لە بەردەڕەش دەست بەسەر 32 تۆن ئارددا گیرا

چاودێریی بازرگانی بەردەڕەش ڕایدەگەیێنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە دەستیان بەسەر 32 تۆن ‘ئارد’دا گرتووە کە دەیانویست لە شاری هەولێر بیفرۆشنەوە.

 کامەران نووری، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی لە قایمقامیەتی بەردەڕەش ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی زانیارییمان پێگەیشت کە بارهەڵگرێک بە 32تۆن ئاردەوە دەیویست بچێتە هەولێر، بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان توانیان دەستی بەسەردا بگرن و تۆمەتبارەکەش رادەستی دادگە بکەن.

” کامەران نووری گوتیشی، “بازرگانێک لە پشتی رووداوەکەوە بووە و بەپێی قسەی شوفێری بارهەڵگرەکە، ئاردەکەیان لە شارۆچکەی سێمێل بارکردووە و ویستوویانە سبەی پێنجشەممە 16-12-2021  لە بازاڕەکانی شاری هەولێر بیفرۆشنەوە.

” بەپێی قسەی بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی بەردەڕەش، ئەو ئاردەی کە ویستوویانە مامەڵەی پێوەبکەن بەشە ئاردی مانگانەی هاونیشتمانییان بووە کە بازرگانێک کڕیویەتی و ویستراوە بەنرخێکی گرانتر لەبازاڕەکان بیفرۆشێتەوە کە وەک بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی بەردەڕەش دەڵێت، بەپێی یاسا بردنی ئارد لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە قەدەخەیە.

 ئەمساڵ لەسنووری بەردەڕەش، زیاتر لە 150تۆن کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە و بەهۆی ئەنجامدانی سەرپێچیەوە 234 شوێنیش داخراون، هەروەها بەبڕی پێنج ملیۆن و 455 هەزار دینار پێبژاردن سزای سەرپێچیکاران دراوە.