سەرۆکی حکوومەت پارەی پێویستی بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەکان تەرخان کرد

حکوومەتی هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناری تەرخان کرد بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەی 25 تەختی سیدەکان. بە گوتەی بەڕێوەبەری تەندروستی ئیدارەی سۆران، بە تەواوبوونیئەو نەخۆشخانەیە زۆربەی کێشەکانی تەندروستی لەو ناوچەیە چارەسەر دەبن.

د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، بۆ “هەولێر” گوتی:” دەستخۆشی لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە رەزامەندیی دا بە تەرخانکردنی دوو ملیار و 865 ملیۆن و 384 هەزار دینار، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختی لە سەنتەری ناحیەی سیدەکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران”.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، دەشڵێ:” ئەو نەخۆشانەیە پێشتر بەردی بناغەی بۆ دانرا بوو و 18% کارەکانی تەواو کرابوون، ئێستا بە دابینکردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە وا دەکات نەخۆشخانەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەکە.
د. کاروان جەمال، گوتیشی:”تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەیە لە سیدەکان زۆر گرنگە، چونکە خەڵکێکی زۆر لەو سنوورە دەژین، لەگەڵ ئەوەی ناوچەیەکی سنوورییە، بەهۆی پەکەکەوە بەردەوام شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکە هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەو بنکەی تازە لە ناوچەکەیە هی ساڵی هەشتاکانە و بینایەکەی زۆر کۆنە”.
د. کاروان جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدارەی سۆران، ئاشکراشی کرد:” پێش ماوەیەک حکوومەتی هەرێم رەزامەندی دا لەسەر دروستکردنی بەشی فریاکەوتن هەر لە سەنتەری ناحیەی سیدەکان، بەوەش کێشەکانی تەندروستی لە سنوورەکە تا رادەیەکی زۆر کۆتاییان پێ دێت و خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبن و چی دیکە پێویست ناکات بۆ چارەسەری سەرەتایی سەردانی سۆران و شوێنەکانی دیکە بکەن”.

ھەواڵی زیاتر