هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان: باج لەسەر هیچ شتێک زیاد نەکراوە و گرانبوونی نرخی کەلوپەل بابەتێکی جیهانییە

کەمال تەیب وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت: وەکو دەسەڵاتی جێبەجێ کار ناتوانێن باج لەسەر هیچ کەلوپەلێک زیاد بکەین، بۆیە باج نەخراوەتە سەر هیچ کەلوپەڵێک.

سەبارەت بە هۆکاری گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان لە بازاڕ، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، رایگەیاند، وەکو دەسەڵاتی جێبەجێکەر ناتوانێن باج لەسەر هیچ کەلوپەلێک زیاد بکەین، چونکە باج پێویستی بەیاسا هەیە، بۆ ئەوەش پێویستەیاسا هەموار بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان، دەشڵێ: “گرانبوونی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان بابەتێکی جیهانییە، لە هەموو دنیا نرخی کەلوپەل گران بووە، بەهۆی ئەو رەوشەی هاتۆتە پێش، قەیرنی دارایی و وشکەساڵی کاریگەرییان هەبووە، ئەگەرنا ناتوانین زەریبە زیاد بکەین، تەنیا رێکمان خستۆتەوە، بۆ نموونە زەریبەی زەوی و خانووبەر هەر 9%ـیە، ئەوەی خانوو بە کرێ دەدات، فێل لە حکوومەت دەکات و خانوویەک بۆ نموونە بە هەزار دۆلار بە کرێ دەدات، بەڵام لە زەریبە نووسراوە 200 دۆلار، ئەوەمان راست کردۆتەوە و کردوومانە بە هەزار دۆلار. ئەو هاووڵاتییە لە جیاتیئەوەی ساڵانە هەزار دۆلار بداتە حکوومەت، 200 دۆلاری داوە، چونکە لە 12 کرێ، کرێیەک بۆ حکوومەتە، بۆ نموونە کۆمپانیا هەر 15% قازانجە و زیاد نەکراوە، پێشتر کۆمپانیاکان خۆیان دەدزیەوە لە باج، ئێستا هەوڵمان داوە بگەینە داهاتی راستەقینەی باجدەر، ئەگەر کۆمپانیایەک فێلی کرد بێت سزا دەدرێت، ئەوەیە دەڵێن باج زیاد کراوە، ئەگەرنا باج هەر وەکو خۆیە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردانەهاتووە، لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆر کەمترە، چونکە پەرلەمان یاسای باجی لە بەرژەوەندی خەڵک هەموار کردۆتەوە، بەڵام خەڵک کێشەی هەیە، پارەی ئاو، کارەبا، هەرچی پارەی حکوومەت لای خەڵکە، دەڵێن باجە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوە باج نیە، ئەوە رسووماتە، ئەوەش لە بەرامبەر خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێت، پارەی ئاو کە وەردەگیرێت لە جیاتی دابینکردنی ئاوە، چونکە ئەگەر حکوومەت ئەو داهاتانەی نەبێت ناتوانێت ئیدارەدانی وڵات بدات، ئەگەرنا هیچ شتێک نیە سەبارەت بە زیادبوونی باج لە هەرێمی کوردستان”.
کەمال تەیب وەرتی، گوتیشی:” گرانبوونی دۆلار کاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخی کەلوپەل هەیە، ئەگەرنا لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە یەک پێناسەی گومرکی هەیە، ئێمە پابەندین بە جێبەجێ کردنی پێناسەی گومرکی عێراقی، ئەوە نیە بڵێی لێرە زیاترە و لە ناوچەکانی دیکەی عێراق کەمترە، بابەتی بە قاچاخ بردن ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئەگەرنا باج زیاد نەکراوە، بەڵکو رێکخراوەتەوە، بەڵام لەو رێکخستنەوەیە بازرگانێکی زۆر زەرەری کردووە، زەرەرەکەش ئەوەیە کە پێشتر فێلیان لە حکوومەت کردووە، ئێستا ئێمە کار بۆ نەهێلانی ئەو فێلانە دەکەین، ئەوەش هەموو لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە سیستمی باج لە هەرێمی کوردستان، کەمال تەیب وەرتی، دیارکرد، لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کەمتر لە ناوچەکانی دیکەی عێراق باج لە دەروازەکان وەردەگیرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە یاسای باج لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان هەموار کراوەتەوە، ئەگەر بۆ نموونە کەسێک خانوویەک لە هەرێمی کوردستان بفرۆشێت ملیۆنێک زەریبە دەدات، بەڵام لە بەغدا ئەگەر هەمان خانوو بفرۆشێت سێ ملیۆن دینار دەدات، باجی کوردستان یەک لەسەر سێی باجی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، هەر ئەوەش وای کردووە کە یەکێک لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەولێر بەغدا ئەوە بێت کە ئێمە یاسای باجمان هەموار کردۆتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەکانی داهاتوو، کەمال تەیب وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، رایگەیاند، لە داهاتوودا سیستەمی ئەلیکترۆنی دادەنێین، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە، بۆیە هەر شتێک رۆتین کەم بکاتەوە و رێگری لە گرانبوونی نرخەکان بکات دەگرینە بەر، لەگەڵ هەموو ئەمانەش لە ئێستادا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر لە ئاستێکی باش دایە”.