وەزیری تەندروستی:لە ئامادەکاریداین بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی گۆڕاوی نوێی “ئۆمیکرۆن”

شاندێکی باڵای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و وەزیری تەندروستیش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ لەگەڵ ڕێکخراوەکە ڕێک کەوتین لەسەر ئەوەی کە زیاتر پەیوەندیمان هەبێت، لە دوو ساڵیڕابردوودا بۆ کۆرۆنا پەیوەندیمان هەبووە و لە ساڵانی ڕابردووشدا هەماهەنگیمان هەبووە و ئۆفیسیان لەناو وەزارتمان هەیە و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە کاروبارەکانی ئامادەکاری و ڕاوێژکاری و دابینکردنی پێداویستییە زانستییەکان بۆ بڕیارەکان”.

د،سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند؛ بەهۆی ئەوەیڤایرۆسی گۆڕاوی نوێ کە ئێستا لە چەند وڵاتێکی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ناوی ”ئۆمیکرۆن”ـە، ئێمەش ماوەیەکە خۆمان ئامادەدەکەین بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕوونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە ئەگەر بڵاوبوونەوەی لە کوردستاندا”.
دەربارەی دۆخی کۆڕۆناش گوتی: ”زیاتر لە سێ میلۆن و ٥٨٧ هەزار پشکنین کراوە و ئەمەڕێژەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی و پەسند کراوە و ئەم پشکنینانە هۆکاری سەرەکیی دەستنیشانکردن بوونە بۆڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە”.
ئەوەشی گوت؛ تا ئێستا زیاتر لە ٣٧٨ هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و زیاتر لە ٣٦٧ هەزاریش چاک بوونەتەوە و ئێستا تەنها سێ هەزار و ٨٣٢ حاڵەت هەیە کە بەشی زۆریان لە ماڵەوە و بەشێکی کەمیان لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریدان.

وە ڕایگەیاند؛ لە کۆی ٣٧٨ هەزار و ٦٤٥ تووشبوو لە هەرێمی کوردستان تەنها ٤٦ هەزار و ٥١٢ نەخۆش پێویستیان بە داخڵبوون لە نەخۆشخانە هەبووە و حەفت هەزار و ١٢ هاووڵاتییش گیانیان لەدەست داوە و ڕێژەی مردنیش لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بووە.
د. سامان بەرزنجی لە درێژەی وتەکانیدا، ڕایگەیاند؛ جگە لە ئاوارە و پەنابەر و گەشتیار و ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و ١٧١ هەزار و ٨٣ هاووڵاتین و تا ماوەیەک لەمەوبەر بڕیارمان وابوو کە هاووڵاتییانی سەروو١٨ ساڵیڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، بەڵام ئێستا سەرووی ١٢ ساڵی ئامانج کراوە، بۆیە چوار ملیۆن و ٣٦٦ هەزار و ٥٠٠ هاووڵاتیی سەرووی ١٢ ساڵی لە هەرێمی کوردستان پێویستە ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن”.
باسی لە تیم و سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسینیش کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی؛ ١٨٠ سەنتەر و ٤٥ تیمی گەڕۆکی لێدانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان هەیە کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە ئەم تیمانە بۆ ماوەی سێ مانگ بەرکار بوون و تا سەری ساڵە، بۆیە داوامان لەڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کردووە ماوەیەکی ترمان بۆ درێژ بکەنەوە و پشتیوانی لەم پڕۆژەیە بکەن، چونکە دەستکەوتێکی باشی بەدەست هێنا بۆ پێدانی ڤاکسین لەناو شوێنە گشتییەکاندا.
ئاشکراشی کرد، تا ئێستا دوو ملیۆن و ٥٣٦ هەزار و ١٩٩ ژەم ڤاکسین دابین کراوە کە سەدا ٦٨ی دراوە بە هاووڵاتی و تەنها سەدا ٣٢ی لەبەردەستدا ماوە. ملیۆنێک و ٧٢٩ هەزار و ٣٧٤ ژەم ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بەکار هاتووە و تەنها ٨٠٦ هەزار و ٨٢٥ ژەم ئێستا بەردەستە.

ھەواڵی زیاتر