هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شاندێكی سه‌ربازی به‌ریتانیا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌

شاندێكی سه‌ربازی به‌ریتانیا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌، تێیدا جه‌خت لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی، كرایه‌وه‌.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ  (14ی كانوونی یەكەم / دیسێمبه‌ر / 2021)، سەربەست لەزگین، بریکاری وه‌زارەتی پێشمه‌رگه‌، بە ئامادەبوونی عەمید روکن هەژار راوێژکاری باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و عەمید روکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی له‌ وەزارەتی پێشمه‌رگه‌، پێشوازیان له‌ كۆڵۆنێڵ چارڵی، راوێژكاری باڵای هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێم و شاندی یاوه‌ری کرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگه‌یاند، له‌ دیدارێكدا، کۆتایی هاتنی ئەرکی (مێجەر مایکـ) بە بریکاری وەزارەت راگەیه‌ندرا، لای خۆیەوە بریکاری وەزارەت سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەکانی (مێجەر  مایک)ـی کرد، هیوای خواست لە کار و ئەرکی داهاتوویدا سەرکەوتوو بێت.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ روونیكرده‌وه‌،  تاوتوێی دوایین بەرەو پێشچوونەکانی پرۆسەی چاکسازی وەزارەت کرا، بۆ ئەمە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی شانده‌ سه‌ربازییه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ی بۆ پشتگیری و هەوڵ و ماندووبوونی راوێژکارانی بەریتانیا بۆ پرۆسەی چاکسازی كرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، شاندی سه‌ربازی به‌ریتانیا و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بە مەبەستی باشترکردن و بەرەو پێش بردنی كۆلێژه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاستێکی بەرزتر، پلانی پێداچوونەوەی ڕاوێژکارانی سەربازی بەریتانیا بە پرۆگرامی مەشق و ڕاهێنانەکان، گفتوگۆیان كرد.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ باسی له‌وه‌شكرد، هه‌ردوولا جەختیان له‌ گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی كرده‌وه‌، لە ئێستادا، بەکارێکی پێوستیان زانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.