وەزیری تەندروستی ئاشکرای دەکات، لە سەرەتای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، تائێستا نزیکەی 100 ملیار دیناریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە خەرجکردووە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد زوەیتن، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جهیانی رایگەیاند: “لە ماوەی مانگی رابردوودا رێژەی پیدانی ڤاکسین زیاتر بووە، بەتایبەتی دوای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبووەنەوەی کۆرۆنا”.
گوتیشی: “تائێستا پشکنینی کۆرۆنا بۆ 3 ملیۆن و 587 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان کراوە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 378 هەزار تووشبوو تۆمار کراون و 367 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە. ئێستا 3 هەزار و 832 تووشبووی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەن زۆربەیان لە ماڵەوەن و ژمارەیەکی کەمیان لە نەخۆشخانەکانن، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تائێستا 46 هەزار و 512 نەخۆش پێویستیان بەوە هەبووە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێن، لەو ژمارەیەش 7 هەزار و 12 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە”.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشدا: “تائێستا ملیۆنێک و 700 ژەمی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە، لەو ژمارەیەش تائیستا 58 هەزار و 740 مامۆستا ڤاکسینیان وەرگرتووە، داوا دەکەین هەموو مامۆستایان خۆیان بە ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بکوتن”.
سامان بەرزنجی، راشیگەیاند: “لە سەرەتایی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان تائێستا نزیکەی 100 ملیار بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بەشێوەی جیاجیا خەرجکراوە”.