ڕائیب جادر – هەولێر
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار و 600 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمدەرامەت لە تەواوبووندانە، ئەویەکانە لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون. دەشڵێ، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ناوچەیەکی گرنگی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر دروست دەکرێت. ئەو ناوچە بازرگانییە ناوەندێکی زۆر گرنگە، لەوانەش کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، گەشتیاری و نیشەجێبوون و چەندین کەرتی دیکە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەولێر دەڵێت: “لە 1/8/2021 ـەوە هەموو دەسەڵاتەکانی وەبەرهێنانمان داوەتە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ وەرگرتنی پڕۆسەی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان، بۆ ئەوەی باشتر ئیدارەدانی وەبەرهێنان بکرێت،دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و چاکسازی و کارئاسانی زیاتر دەکات و کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری گرتۆتە بەر بە پشتبەستن بە کارنامەی کابینەی نۆیەم.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، روونیشی کردەوە: “لە کابینەی نۆیەم زیاتر کار لەسەر بەرەوپێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار دەکەین، جگە لەمانەش بیناسازی و دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون ئەمانەش بە کواڵێتی باشتر و نرخی کەمتر و بە قستی درێژخایەن، هەموو ئەو کەرتانەی کە پلانیان بۆ دانراوە فراوانتر دەکرێن، بەوەش داهاتی خەڵک و حکوومەت زۆر زیاتر دەبێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاشکراشی دەکات، ئێستا لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار و 600 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمدەرامەت لە تەواوبووندانە، ئەویەکانە لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست کراون، لەپلانی حکوومەتیشدایە بەردەوامیەکەینیشتەجێبوون بۆ خەڵکی هەژار و کەمدرامەت دروست بکات.
د. محەمەد شوکری، گوتیشی: “هاوشێوەی وڵاتانی جیهان ناوچەیەکی گرنگی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر دروست دەکرێت، ئەو ناوچە بازرگانییە ناوەندێکی زۆر گرنگە، چونکە سەرجەم کەرتەکانی وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت، لەوانەش کەرتی پیشەسازی و بازرگانی، گەشتیاری و نیشەجێبوونو چەندین کەرتی دیکە، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، تەواوی ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەرەخسێنین، کە بیانەوێ لە کوردستان سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ، چونکە دۆخی کوردستان زۆر لە بارە، بۆ ئەوەی سەرمایەداران سەرمایەگوزاری بکەن، هەروەها لە دهۆک و هەڵەبجەش بە هەمان شێوە ناوچەی گرنگی بازرگانی دروست دەکرێت.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، روونیشی کردەوە: “رۆژانە بە دەیان کارگە لە هەرێمی کوردستان دروست دەکرێن، وەکو کارگەی ئاسن، چیمەنتۆ و خواردەمەنی، بۆ ساڵانی داهاتوو کارگەی زۆر گەورەتر و هەمەجۆر دەکرێنەوە، ئەمەش وا دەکات کە هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێت،پشتگیری حکوومەت بۆ کەرتی تایبەت ئەوەیە کە کەرتی تایبەت ببێتە هاوبەشێکی دروست بۆ حکوومەت بۆ دابینکردنی هەڵی کار لە هەموو کەرتەکان بەردەوامیشین، ئەو پرۆژە و کارگانەی کە کۆنن پێداچوونەوەیان پێدا دەکرێت، ئەوەش بۆ ئەوەیە خەڵکێکی زۆر لەو کارگانە کار بکات، بۆیە سەرۆکی حکوومەت بەردەوام هاوکار و پشتیوانە، بۆ ئەوەش بەردەوام رێنمایی دەدات، ئەوەش بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە”.