سەرۆکی دەستەی ژینگە بەڵێنی پێداوین هەموو هەنگاوێک بگرنە بەر بۆ ژینگەیەکی تەندروستتر

لە ماوەی نزیک بە دوو دەیەی رابردوودا، هەولێر یەکێک لەو شارانەی ناوچەکە بووە کە بە خێرایی گەشەی سەندووە و لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووریی جیهان زیاتر بەرجەستە بووە. بەڵام سەرجەم دەرەنجامەکانی ئەو پێشکەوتنە ئەرێنی نەبووە و رۆڵی شارەکە لە پیسکردنی ژینگە زیاتر بووە. سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان باس لە هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەستەی ژینگە دەکات و پێی وایە یاساکانی بواری پاراستنی ژینگە کۆنن و پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە.

کاتێک لە بەرەبەیاندا سەیری ئاسمانی هەولێر دەکەی، دووکەڵێکی رەش بەری ئاسمانی ئەو شارەی گرتووە و لەگەڵ دەستپێکردنی دەوام و قەرەباڵغبوونی شەقامەکان کەشی پاک و پیسی ئاسمان تێکەڵ بە یەکتر دەبێت و وەک تەمێک بەسەر شارەکەدا دەمێنێتەوە. لە هەولێر کۆمەڵێک هۆکار رۆڵیان هەبووە لە پیسکردنی ژینگە کە بریتین لە بوونی ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، گەشەی پیشەسازی و هەبوونی ژمارەیەکی زۆری مۆلیدەی ئەهلی و پەرەسەندنی پڕۆژەکانی بواری نەوت و پێترۆکیمیایی.
رۆڵی هەرە گەورەی پیسکردنی ژینگەی هەولێر ئەو ژمارە زۆرە ئۆتۆمبێلەیە، کە بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە و ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن دەبێت. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی پیسکردنی ژینگە دوو رێکاری پشکنینی ئۆتۆمبێل و لەناوبردنی ئۆتۆمبێلە کۆنەکان و تارادەیەک بەرزکردنەوەی ستانداردی سووتەمەنی پێڕەو کردووە، بەڵام نەیتوانیوە پێش بە دیاردەی پیسکردنی ژینگە بگرێت و تەنیا لە کاریگەرییەکانی کەم کردۆتەوە.
وەک ئاشکرایە لە دوای ئازادیی عێراقەوە بە سەدان کۆمپانیا روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێک لەو کۆمپانیایانەش لە بواری نەوت و کارەبا و پاڵاوگەکان چالاکییان هەبووە، ئەمە جگە لەو سەدان کارگەی گەورە و بچووکەی لە دەوروبەری شار دامەزراون کە سەرجەمیان مایەی پیسکردنی ژینگەن.
دکتور سەباح زێباری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەری پەرلەمانی کوردستان بۆ هەولێر روونی کردەوە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بە تێر و تەسەلی باسیان لە پرسی پیسبوونی ژینگە نەک لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڵکوو لە تەواوی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەو ئاماژەی دا داوایان لە دەستەی ژینگە کردووە بۆ هەر هەنگاوێک کە لە پێناو پاکڕاگرتنی ژینگەدا بکرێت و هەر پێشنیار و بیرۆکەیەکیان هەیە کە پێیان باشە بکرێتە یاسا، ئەوا پێشوازی لە وەرگرتنی دەکەن و لە پەرلەمانی کوردستان هەوڵی سەرخستنی دەدەن. دکتور عەبدولڕەحمان سدیقی سەرۆکی دەستەکەش خۆی بەڵێنی داوە هەموو هەنگاوێک دەگرنە بەر، بۆ ئەوەی کوردستانێکی پاکتر و ژینگەیەکی تەندروستر لە کوردستان هەبێت.
یەکێک لەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ژینگە هەیە بە بۆچوونی دکتور سەباح زێباری ئەوەیە بەشێک لەو یاسایانەی لە رابردوودا لە هەرێمی کوردستان پەسند کراون کاتەکانیان بەسەر چووە و لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەمڕۆی ژینگە ناگونجێن و پێویستییان بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوە هەیە.
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەکە هەولێری پایتەخت بەهۆی ئەوەی کە گەورەترین و پڕجووڵەترین شاری هەرێمی کوردستان و رۆژانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل لەو شارە دەسووڕێنەوە و ژماریەکی زۆری کارگەی پیشەسازی کار دەکەن، ژینگەکەی پیستر بووە هەرچەندە لە هەندێک بواری ژینگەدا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و توانراوە بەشیک لە هۆکارەکانی پیسکردنی ژینگە لاببرێن.
ئەو نموونەی چەند ساڵی رابردووی ئاماژە پێ کرد کە لە باشووری رۆژئاوای هەولێر بەردەوام دووکەڵێکی زۆر لە شوێنی زبڵخانەی کانی قرژاڵە بەرز دەبوویەوە و هەموو ئەو زبڵەی کۆ دەکرایەوە دەسووتێنرا بەڵام ئێستا باشتر بووە و هەندێک کارگەی بواری ریسایکلین دەستیان بە کارکردن کردووە و چارەسەری بەشێک لە زبڵەکە دەکەن.
بەرای دکتور زێباری گرنگترین فاکتەر لە پاراستنی ژینگە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکانی پێوەندیدار و هەبوونی یاسای پێشکەوتوو، بەرزبوونەوەی هوشیارییە لای هاووڵاتیان و کۆمەڵگە بە گشتی و هەموو لایەنەکان دەبێت لە پرسی پاکڕاگرتنی ژینگە هاوکار و یارمەتیدەری یەکتر ببن.
یەکێکی تر لە سەرچاوەکانی پیسکردنی ژینگەی هەولێر ئەو پاڵاوگانە بوون کە نەوتی خاو دەپاڵێون بەڵام زۆربەیان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان داخران. پێشتر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباش پشتیان بە گازوایل و نەوتی جرەش دەبرد بەڵام ئێستا وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دان بەوەدا دەنێت کە سەرچاوەکانی سووتەمەنیی وێستگەکان بۆ گازی سروشتی گۆڕدراون و بەمەش وێڕای کەمکردنەوەی خەرجییەکان رێژەی پیسکردنی ژینگەیان کەم کردۆتەوە.
جێی باسە رێکخراوی نێودەوڵەتیی “گرین پیس” پێشتر ناوی هەشت شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ریزی ئەو شارانەی جیهان دانا کە لەم دواییانەدا رۆڵیان هەبووە لە پیسکردنی ژینگە بە هۆی ئەو بڕە زۆرەی گازی زیانبەخشی دووەم ئۆکسیدی نایترۆجین و کاربۆن کە دەیخەنە ژینگەوە .لە لیستەکە ئاماژە بە ناوی هەر یەک لە لە بەغدا،هەولێر و شەش شاری تری رۆژهەڵاتی ناوەراست کرابوو
ئەو پێویستییە هاتووەتە کایەوە بەرپرسانی حکوومەت لە داهاتوودا ئەوەندەی بایەخ بە پێشکەوتن و بەرهەمهێنان دەدەن چاوێکیشیان لە ژینگە بێت و بیپارێزن و یاساکانیش لەگەڵ سەردەم بگونجێنن.

ھەواڵی زیاتر