وەزارەتی کشتوکاڵ سەبارەت بە گرانبوونی نرخی پەینی کیمیاوی ڕوونکردنەوە دەدات

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی گرانبوونی پەینی کیمیاوی راپۆرتێکی ورد و هەمەلایەنمان پێشکەشکرد بەمەبەستی چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەو گیروگرفتانەی لەدابینکردنی پەین دێتەڕێی جوتیاران.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ڕاپۆرتەکەمان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەشێوەیەکی گشتی خۆی لەم خاڵانەی خوارەوە دەبینێتەوە:-

یەکەم / گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا کە بۆتە جێگەی باسی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی جیهانی ،هەرێمی کوردستانیش لەم دیاردە جیهانیە بێ بەش نەبووە و تێکچوون و نالەباری دۆخی چاندنی بەدوای خۆیدا هێناوە ، بەوهۆیەوە کارگەکانی بەرهەم هێنانی پەینی نایترۆجینی توشی داخستن و زیانی گەورە بونەتەوە و رێژەی بەرهەمهێنانی لە جیهاندا کەمی کردووە.

دووەم/بەهۆی هەڵکشانی نرخی گازی سروشتی و کەمبونەوەی ئاستی بەرهەم لە وڵاتانی جیهان.

سێیەم/ پەتای کۆرۆنا ،یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخی پەین و خۆراک لە جیهاندا لە دەرئەنجامی هاتنی بەردەوامی شەپۆڵەکانی ئەو پەتایە.

چوارەم/ بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕوو(عرض) و زیادبوونی داوا ( طلب) لە کەرتی کشتوکاڵ کە ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی پەین لەجیهاندا، بەجۆرێک ئێستا بۆ نموونە نرخی پەینی جۆری یۆریا لە بازاڕەکانی جیهاندا تەنی گەیشتۆتە 868 $، بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای ساڵی 2021 کە نرخەکەی بۆ هەر تەنێک 550$ بوو، هەروەها لە ساڵی 2020 نرخەکەی تەنها 359$ بووە و نرخەکەشی ئێستاش لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە.

پێنجەم/ دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی هۆکارێکی تری بەرهەڵستە بەرامبەر بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە هەرێمەکەمان.

شەشەم/ ئێستا هیچ کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان نییە کە پەینی کیمیاوی بەرهەم بهێنێ بۆ ناو بازاڕەکانی خۆمان، لەکاتێکدا (4)مۆڵەتی فەرمی دراوە ،بەڵام تا ئەو کاتەی ئەم کارگانە تەواو دەبن و دەکەونە ئاستی بەرهەم هێنانی، پەین هەر لە دەرەوەی وڵاتان هاوردە دەکرێت، بۆیە نرخی پەینیش لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبۆتەوە.

هەروەها ڕایگەیاند کە بەهیچ جۆرێک هاوردەکردنی پەینی کیمیاوی قۆرغ نەکراوە، بەپێچەوانەوە لەماوەی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان راسپێردراون کە ئاسانکاری بکەن بۆ هاوردەکردنی پەینی کیماوی و هەڵگرتنی رێیدی ساڵانە بەپێی یاسا و رێنمایە کارپێکراوەکان.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوەش دەکات کە بۆ ئەم مەبەستە لەپێناو پاڵپشتی جوتیارانمان و دابەزاندنی نرخی پەینی کیمیاوی بانگهێشتی هەر کۆمپانیایەکی بەڕێز دەکەین ،چ لە وڵاتانی دراوسێ یان هەر وڵاتێکی تر،کە بتوانێ پەین هاوردەی ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بەنرخێکی هەرزان و گونجاو بیداتەوە جوتیاران ،ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو مۆڵەتی فەرمی پێدەدەین و هەموو کارئاسانیەکی بۆدەکەین.

ھەواڵی زیاتر