وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، بۆ فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار، کار دەکەین بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محهمهد قادر ئەمڕۆ دووشەم لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە (سڤێن مۆسلەر) کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمى کوردستان بە وەکالەت.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیا بە وەکالەت وێڕاى ستایشى هەماهەنگى و دڵسۆزى گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان، هەروەها پەرەپێدانى پەیوەندییەکان و هاوکارى خۆی بۆ سیستمى خوێندن و پێشخستنى ئاستى زانکۆکانى کوردستان دووپاتکردەوە و کورتەیەکیشى لەبارەى گۆڕانکارییەکانى سیستمى خوێندن و فێربوون لە وڵاتى ئەڵمانیا خستەڕوو.
لەبەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندیمان لەگەڵ زانکۆکانى وڵاتى ئەڵمانیا بەهێزە و تا ئێستا 36 یاداشتنامەى لێکگەیشتن لەنێوان وەزارەت و زانکۆکانى کوردستان لەگەڵ زانکۆکانى ئەڵمانیا ئیمزا کراوە، بە ئامانجى ئاڵوگۆڕى زانستى و خوێندکاران و مامۆستایان.
لەبارەى ڕیفۆرم لە پرۆسەى خوێندن، د. ئارام محهمهد قادر دووپاتی کردەوە: لە ڕێگەى ڕیفۆرمى لە پرۆسەى خوێندن کار بۆ داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە هەرێمی کوردستان دەکەین، بە ئاراستەی فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و بزنس و پیشەسازییەوە، بۆ ئەمەش سوود لە ئەزموون و سیستمى وڵاتى ئەڵمانیا وەردەگرین.
لەکۆتایى دیدارەکەدا کونسوڵى گشتیى ئەڵمانیا بەوەکالەت، پاڵپشتى و پشتیوانى بۆ پلانى کارکردنى وەزارەت و ڕیفۆرم لە پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە و بەڵێنى دا هاوکارى وەزارەت بێت بۆ ئەم پرۆسە گرینگە.