هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لەسەر ئەرکی سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی ، تەرمی قوربانیانی رووداوەکەی نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌سه‌ر ئه‌ركی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی ئه‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ هه‌رێم

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری:

لە دوای ڕووداوی خنکانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕۆژی 24/11/2021، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمـی لە فەرەنسا ڕاسپارد، تاوەکو هەر کارێك کە پێویست بێت بۆ ناسینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانی ئەو ڕووداوە ئەنجامی بدەن.

لەو ماوەیەدا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا، بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، تەواوی ئەو کارانەیان ئەنجام دا کە پێویست بوون بۆ ناسینەوەی تەرمەکان، بەتایبەت ناردنی پەنجەمۆری ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەو بەلەمەدا بوون، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواویان هەبوو له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسا و تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌.

بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا حکومەتی فەرەنسا بەشێوەیەکی فەرمی ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردانە بداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ڕێکاری تایبەت بە گواستنەوەی ئەو قوربانیانە بگیرێتەبەر بۆ گواستنەوەی تەرمەکانیان بۆ زێدی خۆیان.

پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین کە لیست و ژمارەی ئەو قوربانیانە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەندێک میدیا بڵاو کرایەوە، بە هیچ شێوەیەک فه‌رمی نیه‌ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی فه‌ره‌نسا‌ پشتڕاستیان نەکردووەتەوە و لە دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كانیش لە چەند ڕۆژی داھاتوو، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناسنامه‌ی قوربانییان ڕاده‌گه‌یێندرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی قوربانیانییەکان، دڵنیاییان دەداتێ کە ئەوەی پێویست بێت بۆ گەڕاندەوەی تەرمی قوربانییەکان دەیکات و لەسەر ئەرکی خۆی ئەو تەرمانە دەگەرێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

12ى کانونی یەکەم