لەبەر وشكەساڵی، ئاژەڵداری و كشتوكاڵ لە باكووری كوردستان بەرەو نەمان دەچێت

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

بە هۆی وشكەساڵییەوە، بەشێكی زۆری شارەكانی باكووری كوردستان، لەڕووی ئاژەڵداری و بەرهەمی كشتوكاڵییەوە دووچاری قەیرانێكی سەخت بوونەتەوە، بە جۆرێك بەشێكی جووتیارەكان وازیان لە كاری كشتوكاڵی هێناوە و سەدان مەڕ و ماڵاتیش لەناوچوون.

لە ساڵی 2021، شاری وان و هەكاری رووبەڕووی وشكەساڵییەكی قووڵ بوونەتەوە، چونكە باران زۆر کەمی کردووە، ئەمەش وای كردووە، ئاژەڵداری و بەرهەمی كشتوكاڵ كەم بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی جیۆپۆلیتیك لە وان ئاشكرای دەكات، هیچ ساڵێك وەوو ئەمساڵ وان و هەكاری رووبەڕووی ئەو وشكەساڵییە نەبوونەتەوە و بارانیش بەو رێژە كەمی نەکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ”هەولێر“بە هۆی وشكەساڵییەوە، بەرهەمی كشتوكاڵی لە وان و هەكاری زۆر كەمی كردووە، چونكە جووتیار ناتوانێت رووبەڕووی ئەو زیانە ببێتەوە و ناتوانێت لەسەر ئەركی خۆی بەرهەمەكانی تێرئاو بكات.
هەروەها وەكوو مەترسییەك بۆ ئاییندەی كشتوكاڵ لە توركیا و باكووری كوردستان، شارەزایانی كشتوكاڵ هۆشداری دەدەنە حكوومەتی توركیا، كە جووتیارەكانی باكووری كوردستان، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و چوونەتە شار.
ئاژەڵداریش مەترسی لەناوچوونی هەیە، چونكە بە هۆی وشكەساڵییەوە، ئاژەڵ وەكو پێویست نالەوەڕن و بەشێكی زۆریشیان لەناو چوونە، ئەمەش زیانێكی گەورەی لە ئاژەڵدارەكان داوە و كاریگەری لەسەر بەرهەمی ماست و پەنیر و شیر هەبووە.
لە ناوچەی یوكسەككۆڤەی سەر بە وان، جوتیارەكان گلەیی لە حكوومەت دەكەن، بەوەی وەكوو پێویست هاوكاری جوتیار نەبوونە تا بە هۆی وشكەساڵییەوە دووچاری زیان نەبن، بۆیە ئەوانیش دەستیان لە جوتیاری هەڵگرتووە.
یەكێك لەو كەسانەی خاوەنی دەیان سەر ئاژەڵە بە ناوی (محەمەد ئەسڵان) بۆ ”هەولێر“ دەڵێت: ”سەیری چواردەورم بكە، بزانە هیچ سەوزاییەك دەبینیت؟ نییە و ئەمەش كارەساتە بۆ ئاژەڵ، چونكە گەر سەوزاریی نەبێت چۆن بلەوەڕن. گەر وا بڕوات دەبێت ئێرە بەجێ بهێڵین بڕۆین“
لە مانگی نیسانەوە لە وان و هەكاری باران نەباریوە، ئەمەش وای كردووە وشكەساڵی دروست ببێت.
نافییە كەرەبەی، وەكو خۆی باسی دەكات، خاوەنی ٢٠٠ سەر مەڕ بوون، بەڵام بە هۆی وشكەساڵییەوە، ٦٠ سەر مەڕیان لەناوچووە.
باس لەوە دەكات، سەر مەڕەكانی بە هۆی نەبوونی ئاوەوە لەناوچوون و دەڵێت بەشێكی زۆری خاوەن سەڕ مەڕ و جوتیارەكان گوندیان بەرەو شار بەجێهێشتووە.
حەسیبە كەرهان، یەكێكی ترە لە جوتیارەكان و دەڵێت: ”ئاو نییە، ئیتر چۆن بتوانین ئاژەڵەكانمان بلەوەڕێنین؟ چۆن بتوانین بەرهەمی كشتوكاڵیمان ئاو بدەین؟ بەداخەوە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بەرەو نەمان دەچێت، چونكە هیچ ساڵێك ئەوەندەی ئێستا بێئاو نەبووینە و دوچاری وشكەساڵییەكی لەوشێوەیەش نەبووینەتەوە“.
ئەسڵان باس لە زیانی بەرهەم كشتوكاڵییەكانی دەكات، بەوەی لەمساڵدا هیچ قازانجێكیان نەبووە، چونكە هەرچییەكیان چاندووە، بە هۆی وشكەساڵییەوە لەناو چووە.
ئاماژە دەدات، سەدان سەڕ مەڕیان فرۆشتووە، تەنانەت گەیشتوونەتە ئەو بوارەی، كە مانگای دووگیان بفرۆشن، چونكە گەر نەیفرۆشن لە برسان دەمرێت.
عەدنان ئۆنای، سەرۆكی ژووری كشتوكاڵی یوكسەككۆڤە، دەڵێت لەم ناوچەیە یەك ملیۆن و نیو سەر ئاژەڵ بوونی هەیە و هەموویان بە هۆی وشكەساڵییەوە نالەوەڕن، جوتیارەكانیش لە بوارێكی زۆر خراپ دان و توانایان نییە خواردن بە پارە بۆ ئاژەڵەكانیان بكڕن.
ئۆنای، داوا لە حكوومەتی توركیا دەكات، هەرهیچ نەبێت با خواردن لەسەر ئەركی خۆی بۆ ئەو ئاژەڵانە دابین بكات تا لەناو نەچوون.
گۆمی وان، كە ناوبانگێكی زۆری هەیە و كاریگەری لەسەر ئاوی ژێر زەوی ئەو شارە هەیە، بە شێوەیەكی زۆر، كەم بووەتەوە و ئەگەر ئەمساڵیش باران كەم ببارێت، رەنگە گۆمەكە بە تەواوی لەناو بچێت، بۆیە پرسیاری زۆربەی شارەزایانی بواری كشتوكاڵی لە توركیا ئەویە، ئایا لە باكووری كوردستان، بە هۆی وشكەساڵییەوە، ئاژەڵداری و بەرهەمی كشتوكاڵی بەرەو نەمان دەچێت؟

ھەواڵی زیاتر