پسپۆڕێكی كەرتی نەوت لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك فاكتەر ئاشكرا دەكات كە كاریگەری لەسەر هەرزانیی نرخی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و وایان كردووە نرخی نەوتی كوردستان لەچاو نەوتی وڵاتانی دیكە هەرزانتر بێت، كە یەكێكە لەوانە فشاری عێراقە.
د.هاوڕێ مەنسوڕ بەگ، كە پسپۆڕێكی كەرتی وزەیە لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك توێژینەوەی لەسەر نەوتی كوردستان لە میدیا جیهانییەكان بڵاوكردووەتەوە و، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ “هەولێر”ـدا، پێی وایە كە عێراق لە رووی یاساییەوە پاڵپشتی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان ناكات.لە كاتێكدایە كە گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر ئەكادیمیانەترن و پرۆفیشناڵترن لەوانەی عێراق، هەروەها لە هەرێمی كوردستان یاسای نەوت و غاز هەیە، بەڵام لە عێراق هێشتا یاسایەكی نوێ و تایبەت بۆ ئەم پرۆسەیە دەرنەكراوە.
د.هاوڕێ مەنسوڕ بەگ، دەشلێت : بە داخەوە عێراق پاڵپشتیی یاسایی بۆ فرۆشتنی نەوتی كوردستان نییە و ئەوەش وای كردووە كڕیاری تایبەتی هەبێت.
ئەو پسپۆڕەی وای پێ باشترە، بۆ بەرزكردنەوەی نرخی نەوتی كوردستان، گرنگە ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق بكرێت و فشارە یاساییەكان لاببرێت.
لەلایەكی دیكەیشەوە د.هاوڕێ مەنسوڕ بەگ، جەختی لەوەش كردەوە، نەوتی كوردستان بڕی تێچووی دەرهێنان و فرۆشتنی زۆرە، كە دەكرێ ئەو دوو خاڵەش باشتر بكرێن، گوتیشی: ”پێویستە هەموو ئەو هۆكارانەی لەبەردەم گرانیی نرخەكەدان كەم بكرێنەوە، چونكە هەر فاكتەرێك و كاریگەریی خۆی هەیە.”