نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا لەبارەی بڵاوبوونەوەی ناوی ژمارەیەک کۆچبەری کورد، کە گوایە لە رووداوەکەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا خنکاون روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و داواش دەکات، رێز له هه‌ستی خانه‌واده و كه‌سوكاری قوربانییان بگرن.
لە روونکردنەوەی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له فه‌ره‌نسا هاتووە: “چه‌ند رۆژێكه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لیستێكی چه‌ند ناوی بڵاوكراوەته‌وه، كه گوایه ناوی ئه‌و قوربانییانه‌ن كه له رووداوی به‌له‌م (چوپ)ه نقوومبووه‌كه‌ی نێوان فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا بوونه‌ته قوربانی له رۆژی 24/11/2021. ئێمه وه‌ك نوێنه‌رایه‌تی حكومەتی هەرێم له فه‌ره‌نسا، كه له رۆژی یه‌كه‌می رووداوه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داد و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پۆلیسی فه‌ره‌نسی و تیمی لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر رووداوه‌كه له‌سه‌ر هێڵین، رایده‌گه‌یەنین ئه‌و لیسته فه‌رمی نییه و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی فه‌ره‌نساوه پشت‌راست نه‌كراوه‌ته‌وه، تاوه‌كو ئێستا ئه‌وان هیچ بڵاوكراوه‌یه‌كی فه‌رمییان نه‌بووه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی قوربانییه‌كان، ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی لایه‌نه فه‌رمی و په‌یوه‌ندیداره‌كان پێمان راگه‌یەندراوه له چه‌ند رۆژی كه‌می داهاتوودا و دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ناسنامه‌ی قوربانییان راده‌گه‌یەندرێت. دوای راگه‌یەندراوی لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی فه‌ره‌نسا و ته‌واوبوونی رێكاره یاساییه‌كان له‌رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت له فه‌ره‌نسا و له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌رمی قوربانییان ئه‌وانه‌ی هاونیشتمانی كوردستانن ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان”.
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا داوا دەکات: “رێز له هه‌ستی خانه‌واده و كه‌سوكاری قوربانییان بگرن و پێش لایه‌نه فه‌رمییه‌كان نه‌كه‌ون، له بڵاوكردنه‌وه‌ی ئامار و ناسنامه‌ی پشتڕاستنه‌كراوه‌ی قوربانییانی رووداوه‌كه”.
رۆژی 24/11/2021، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناڵی ئاوی ئینگلیز لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیا نقوم بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کۆچبەر خنکان، بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێک لەو کۆچبەرانە کوردن.