بەرێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە؛قۆناغەکە هەستیارە، داوا لە تەواوی میدیاکاران دەکەین پابەند بن بە بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئاگادار کردەوە کە گواستنەوەی وێنەی شەڕ و خستنەڕووی زانیارییەکان لە میحوەرەکانی شەڕ قەدەغە کراوە. بە گوتەی شارەزایانی بواری سەربازی دەبێ هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسی جەنگ بکرێت و ئەو میدیایانە سزا بدرێن، کە پابەندی ڕێنماییەکان نابن.

لەڕاگەیەنراوی فەرمانگەکە کە بۆ گشت دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نێردراوە‌،‌ هاتووە، سەبارەت بەڕووماڵی میدیایی بۆ بەرەکانی جەنگ، ئاگادارتان دەکەینەوە کەوا گواستنەوەی وێنەی شەڕ و قسەکردن و زانیاری لەڕێگەی هەر هۆیەکیڕاگەیاندن (بیستراو و بینراو و سۆشیال میدیا) لەسەر هەر میحوەرێکی شەڕ قەدەغەیە”.
هەروەها هاتووە، تەنها وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری تاکە سەرچاوەیە بۆ هەر زانیارییەک و بڕیاردەرە لە پێدانی ئەو زانیارییانەی کە بەگونجاوی دەزانێت بۆ بڵاوکردنەوە، بۆیە دەتوانن تەنیا لەڕێگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە وێنە و ڤیدیۆکان وەربگرن.
جێی باسە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش چەندڕۆژێک پێش ئێستا بەهەمان شێوە ڕووماڵکردنی وێنە و ڤیدیۆی شەڕ و خستنەڕووی زانیارییەکان لە میحوەرەکان قەدەغە کرد و هەروەها قەدەغەشی کرد کە هیچ پێشمەرگە و پلەدارێکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە زانیاریی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بخەنەڕوو.
مافناس سەنار شێرۆکی، بۆ هەولێر گوتی: “پرسی جەنگ وابەستەیە بە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەمووڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤەوە، میدیاکاران لە شەڕی داعش بێ ئەوەی تەجروبەیەکی نوێیان هەبێت، تێکەڵ بە جۆرێک کارکردنی نوێ بوون و لە هەندێک کاتیش بەبێ‌ ئەوەیپرەنسیبەکانی راگەیاندن و گەیاندنی زانیاری لە بەرچاو بگرن تووشی هەڵە دەبوون، لە هەندێک کاتیش دەبوونە هۆکاری زیان گەیاندن بە پێشمەرگە و ئاشکرابوونی تاکتیکی شەڕ.
ئەو مافناسە، دەشڵێ: “گواستنەوەی راستەوخۆی هەواڵی شەڕ رێگەپێنەدراو و هەڵەیە، سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆکاری ئاشکرابوونی هێزی بەرگریکردن لە بەرانبەر هێزی دوژمن، هەروەها دەبێتە هۆکاری ئاشکرابوونی چەک و تەقەمەنییەکانیان، بۆیە ئامادەبوونی میدیاکاران و گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری بۆ پێشمەرگە مەترسیدارە بە هەمان ئەندازە رێگریکردن لە چوونی میدیاکاران بۆ بەرەکانی شەڕ سوودی هەیە، بۆیە پێشنیار دەکەم وەزارەتی پێشمەرگە هاوکات لەگەڵ پێدانی زانیاری لە بارەی بەرگری و شەڕکردن لە بەرەکانی شەڕ بەرنامەیەکی هۆشیارکردنەوەی نیشتمانیهەبێت، هەروەها رێگری لە بەرپرسان بکرێت لەهەر بارودۆخێکدا لێدوان بۆ میدیاکان بدەن و لە ئەگەری لێدوان بۆ میدیاکان رووبەرووی سزا ببنەوە، چونکە ئەو زانیارییانە دەبنە هۆکاری زیان گەیاندن بە پێشمەرگە و ئاشکرابوونی پلانەکانیان، هەروەها پێویستە پرۆژەیاسایەک ئامادە بکرێت کە تیادا سەرەرای پێدانی هوشیاری نیشتمانی بە پێشمەرگە رێگری لە میدیاکاران بکات کە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە چ بە شێوەی راستەوخۆیان ناڕاستەوخۆ هەواڵ دەگوازنەوە ئەوەش بەیاسا رێک بخرێت، لە ئەگەری پابەند نەبوون سزا بدرێن.
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، دەڵێ: “وەکو وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، وەکو بەشێکی گرنگ لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کورستان، بیرمان لەوە کردەوە ئەوەی لە بەرەکانی شەڕدا دەگوزەرێت، پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، بەتایبەتی لە رووی میدیاییەوە، بۆیە بە هەماهەنگی نێوان ئێمە و وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک بڕیار دراوە بۆ ئەوەی میدیاکان پێیەوە پابەند بن. یەکێک لە خاڵەکان ئەوەیە کە گرنگی بە راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێت، لەو چوارچێوەیەدا بۆ رووبەرووبوونەوەی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان گرتەی تایبەتی هەبێت و بدرێتە میدیاکاران، هەروەها بەلاغ و بەیاننامەی هەبێت، چونکە بەپێویستی نازانین پەیامنێر بچێتە بەرەکانی پێشەوە و هەموو ئەو شتانەی کە هەن پیشان بدرێن، هەروەها نابێت رووماڵی راستەوخۆ بکرێت، چونکە ئەوەی لەناو سەنگەرەکان هەیە دەگەیەنرێتە دوژمنانی پێشمەرگە، پێمان باشە جگە لە وتەبێژی وەزارەت کەسی دیکە لێدوان نەدات، هەروەها کردنەوەی لایڤی راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ئاراستەی جەبهە، هەر بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزارەت لە ماوەیەکی نزیکدا کۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی هەندێک بڕیار بدات، لەوانە پێکهێنانی ژوورێکی عەمەلیات.
وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، ئاشکراشی کرد: “هەندێک رێوشوێنی یاسایی هەیە، بەپێی رێنمایی رێکخراون، هەر لە سەرنجراکێشانەوە رێکخراوە هەتاڕاگرتنی بەرنامە و هەتا داخستنی کەناڵیش. هەروەها دەبێت سۆشیال میدیا بە فەرمی خۆیان تۆمار بکەن و ناسراو بن و ناسنامەیان هەبێت، ئەگەرنا بەپێچەوانەوە دەتوانین رێکاری یاسایی بگرینەبەر کە بڕیارە ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارات بکرێت و دواتر دەبێتە پرۆژە و دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری لەسەر دەدرێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو ئەو شتانەدا، چونکە پاراستن و رێکخستنەوەی میدیا لە بەرژەوەندی پاراستنی هێزی پێشمەرگە و لەبەرژەوەندی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیە و دەبێت هەموومان پێوە پابەند بین”.
عەمید عوسمان مەحەمەد، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ هەولێر گوتی: “ئەم هەفتەیە فەرمانێکی وەزاری دەردەچێت بە راگرتنی تەواوی ئەو پەخشە راستەوخۆ و رووماڵە تایبەتیانەی کە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەرەکان دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی ستراتیژیەتی میدیا و هۆشیاری ئامادە کردووە لەسەر ئەو پرۆژەی ئامادە کراوە کار دەکەین، بۆ ئەوەی رێکاری نوێ بگرینەبەر، بۆ ئەوەی بتوانین تەواوی ئەو کەناڵانە لە رووماڵەکانیان رابگرین و بەرپرسیارەتی بخەینە ئەستۆی ئەوانەی کە دەیانەوێت وێنە و پارچەڤیدیۆی نەشیاو و دزەپێکراو بڵاو بکەنەوە، هەروەها کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی پێویست و لەکاتی خۆیدا وێنە و ڤیدیۆی دروست بدەین بە کەناڵەکانی راگەیاندن، چونکە قۆناغەکە هەستیارە”.
بەرێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاشکراشی کرد: “راگرتنی پەخشی راستەوخۆ و رووماڵە تایبەتیانەی کە لەناو هێزەکانی پێشمەرگە و سەنگەرەکان دەکرێت، کارێکی ئاسان نیە و زەحمەتە، دەزانین رووبەرووی ئەستەمێکی زۆر دەبینەوە، چونکە بەشێکی میدیای کوردستانی نابەرپرسە و گوێ پێ نادەن، بۆیە هەست دەکەین رێگریەکی زۆرمان دێتە پێش، بۆیە لە رێگەی “هەولێر”ـەوە داوا لە تەواوی میدیاکارانی کوردستان دەکەم کە هەموویان پابەند بن بە بڕیار و راسپاردەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەسەر ئەوەی کامەیان پێشتر هەواڵ بڵاو دەکاتەوە تکایە ژیانی پێشمەرگە مەخەنە مەترسییەوە، سەنگەرەکانی پێشمەرگە مەکەنە رووداو بۆ دوژمن، نوختە و ئەو شوێنانەی پێشمەرگەی لێیە پیشانی نەدەن و وێنە و ڤیدیۆ لەو شوێنانە بڵاو نەکەنەوە، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە پارێزراو بێت”.