ئەمریکا لە عێراق ناکشێتەوە و تەنیا ئەرکی هێزەکانی دەگۆڕێت

ئەمریکا جارێکی دیکە جەخت لە هاوکاری و بەردەوامیی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان دەکاتەوە، ئەرکی هێزەکانیشی وەکو هێزی شەڕکەر کۆتایی هات، بەڵام دەڵێ راهێنان و مەشقمان بەردەوام دەبێت.

کێنێس مەکێنزی ، فەرماندەیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق رایگەیاند: “پێموایە رۆڵی ئەو هێزانە گۆڕاوە، ژمارەی هێزەکان وەکو خۆیەتی و هەر وەک خۆیشی دەمێنێتەوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە داهاتوو”.
قسەکانی مەکێنزی لەکاتێکدایە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێش دوو رۆژ رایگەیاند: ئەرک و رۆڵمان لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی راوێژ و راهێنان تەواو بوو، پابەند دەبین لە بە راوێژ و هاوکاریی هاوبەشانمان لە عێراق تاوەکو دڵنیابین لە شکستی یەکجارەکیی داعش.
ماوەیەکە داعش هێرش و جموجۆڵەکانی زیاتر کردووە، ئەوە هەم پێشمەرگە و هەمیش عێراقی نیگەران کردووە و داوای پشتیوانی زیاتری ئەمریکا و ولآتانی رۆژئاوا دەکەن، لەوبارەوە ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبێت لە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.
مەکێنزی دەڵێت: “ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هەندێ پاڵپشتی سنووردار بۆ عێراقییەکان بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بڕۆن، ئەوە بە شێوەیەکی سەرەکی و تاڕادەیەکی زۆر، پرۆسەیەکی ناشەڕکەرانە دەبێت”
مەکێنزی باسی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و لایەنگرانیان دەکات و دەلێ ئێران ئێستا لە دۆخی عێراق بێئومێدە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئەنجامی هەڵبژاردنیش بێ ئومێدن، ئەنجامی ئەو بێئومێدییەش لە رێگەی گوشارەیەوە لەلایەن هەندێک لایەنی سیاسی، بەڵام عێراقییەکان خۆیان بڕیار دەدەن کە دەستوەردانی ئێران رەتبکەنەوە ، هەندێك لایەن بە یاسایی هیچیان دەست نەکەوت ئێستا بە شێوازی نایاسایی هەوڵ دەدەن ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین چاومان لەسەر پاراستنی هێزەکانمانە لە عێراق و سووریا”.
فەرماندە سەربازییەکەی ئەمریکا باسی هێرشەکەی سەر ماڵی کازمی لە کە مانگێک لەمەوبەر کرا دەڵێ ئەوان بەڕاستی لە بێتوانابوونیان لە کاریگەریکردنە سەر پێکهێنانی حکوومەت، بەو شێوازەی کە خۆیان دەیانەوێت، تووڕەن، هێرشی سەر کازمی رووداوێكی ئاماژەی دیاری ئەو بێئومێدییەیە ئەوە سەرباری ئەوەی کە ئەوان بەڕاستی دەیانەوێت هەموو هێزەکانی ئەمریکا بڕۆنە دەرەوە، بەڵام هەموو هێزەکانی ئەمریکا ناڕۆنە دەرەوە، لەجیاتی ئەوە ئێمە شێوازی هێزەکانمان گۆڕی و وەک هێزێکی ناشەڕکەر بەردەوام دەبین.
ئەمریکا لە 7 ساڵی رابردوودا رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە شکاندن و لاوازکردنی داعش، ئێستاش جەخت لە هەمان رۆڵ و پێگە دەکاتەوە.
5 هەزار سەربازی ئەمریکا لە عێراق و 500 سەربازیش لە هەرێمی کوردستانن، دیار نییە چەندیان دەکشێنەوە، بەڵام بەپێی قسەکانی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا هێزیان ناکشێتەوە و تەنیا رۆڵیان دەگۆڕێت.
قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکیە لە کاتێکدایە، راپۆرتێکی رۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکات، ٢٥٠ چەکداری گرووپی بچووک لە لوبنان راهێنانیان پێ کراوە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و چاندنی بۆمب و کاری دیکە، بەگوتەی بەرپرسانی عێراقی و هاوپەیمانان بۆ رۆیتەر ئەو گرووپانە بەرپرسیاری هێرشەکانی چەند مانگی رابردووی سەر هاوپەیمانان بوون لە بەلەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمریکا پێی وایە هەنگاو و داوای هەندێك لایەن بۆ هەوڵی کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق شکستی هێناوە، مانگی رابردوو مەکێنزی رایگەیاند ئەمریکا هیچ پلانێکی نییە بۆ کشانەوەی یەکجارەکی سەربازانی ئەمریکا لەو عێراق لەکاتێکدا گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی عێراق بەردەوامە, ماکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە دانیشتنی کۆنگرێسدا بە ئەندامانی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنەکەی راگەیاند:” تەنانەت بیریشمان لەو هەنگاوە نەکردووەتەوە, من وای نابینم هیچ بڕیارێک هەبێت لە داهاتوو بە کشانەوەی یەکجاریمان لە عێراق.”
قسەکانی ماکێنزی وەڵامی پرسیاری سکۆت دیسلاریاس ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆمارییەکان بوو، لەبارەی ئەگەری لێکەوتەی خراپ لە کشانەوەی تەواوی ئەو ٢٥٠٠ سەربازەی ئەمریکا کە لە عێراق و کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش، ماکێنزی دڵنیایی دا لە عێراق ناکشێنەوە.