سەرۆك مەسعوود بارزانی بەبۆنەی 69 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە.
ئەمڕۆ شەممه، لە پەیامێكی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، بە بۆنەی 69 ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتان یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و هەموو ئەندامانی رێكخراوە تێكۆشەرەكەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەم.
سەرۆك بارزانی دەڵێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، ئەزموونێكی سەركەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان بووە، یەكێكە لە دەستكەوتە گرنگەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە ڕۆڵی خۆی بۆ چەسپاندن و دەستەبەركردنی مافی ئافرەتان لە قۆناغە جیاجیاكاندا بە باشی گێڕاوە.
سەرۆك بارزانی ڕایدەگەیەنێت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان رێكخراوێكی تێكۆشەری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستانە كە جگە لە پاڵپشتیكردنی شۆڕش و پێشمەرگە، ئەركی خۆی لە پێگەیاندن و هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و بەرگریكردن لە مافەكانیان بەجێ گەیاندووە.
لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا باس لەوەش دەكات، لە سەردەمی ئێستەدا پێویستە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە چوارچێوەی كولتووری پێكەوەژیان و مەدەنییەت و یەكسانیخوازی و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی و كۆمەڵایەتی، كار بۆ بەهێزكردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و دیموكراسی لەناو ڕیزەكانیاندا بكات.