به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان: ئاستی ئاوی‌ به‌نداوه‌كه‌ 6 مه‌تر دابه‌زیوه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان ده‌ڵێت، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ساڵی ئاوییه‌وه‌ كه‌ له‌ 1/10ی‌ هه‌موو ساڵێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا ئێستا بڕێكی كه‌می ئاو چۆته‌ ناو ده‌ریاچه‌كه‌. ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه‌ به‌ به‌راورد به‌ساڵی‌ پار، ئاستی ئاوه‌كه‌ 6 مه‌تر هاتۆته‌ خواره‌وه‌.

كۆچه‌ر جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌نداوی دوكان له‌لێدوانێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، له‌كۆی 7 ملیار مه‌تر سێجای توانای له‌خۆگرتنی به‌نداوه‌كه‌، ئێستا ته‌نها 2 ملیار مه‌تر سێجا ئاو له‌به‌نداوه‌كه‌دا هه‌یه‌و به‌مه‌ش 5 ملیار مه‌تر سێجا بۆ سه‌ڕێژبونی به‌نداوه‌كه‌ پێویسته‌، به‌وه‌ش رێژه‌ی 71.42%ی ئاوی به‌نداوه‌كه‌ بۆ پڕبون كه‌می كردووه‌و به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م كاته‌ی ساڵی رابردو، ئاستی ئاوی ده‌ریاچه‌كه‌ 6 مه‌تر دابه‌زیوه‌.

وتیشی‌، له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ساڵی ئاوییه‌وه‌ كه‌ له‌ 1/10ی‌ هه‌موو ساڵێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات‌و ماوه‌ی زیاتر له‌دوو مانگه‌ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه‌، تا ئێستا بڕێكی كه‌می ئاو هاتووه‌ته‌ ناو ده‌ریاچه‌كه‌. ئاشكراشیكرد، ئاستی ئێستای ئاوه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بێڵ ماوسی ده‌ریاچه‌كه‌ 22 مه‌تر دابه‌زیوه‌.

كۆچه‌ر جه‌مال هۆكاری ئه‌و دابه‌زینه‌ی ئاستی ئاوی ناو ده‌ریاچه‌كه‌شی بۆ لێكه‌وته‌كانی وشكه‌ساڵی گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ به‌وته‌ی خۆی، له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵ ته‌نها 25 ملیم باران له‌ناوچه‌كه‌ باریوه‌، به‌ڵام وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، هێشتا زووه‌ بڕیار بده‌ین كه‌ له‌داهاتودا چی روده‌دات، چونكه‌ هشتا له‌نیوه‌ی ماوه‌ی ساڵی ئاویداین.

ھەواڵی زیاتر