دوێنێ، سێشهممه 2021/12/7 بهڕێز مستهفا سهيد قادر جێگرى سهرۆكى ههرێمى كوردستان، بهشدارى له ڕێوڕهسمى يادى ده ساڵهى كۆچى دواييى خاتوو دانيال ميتيران، دۆستى گهلى كوردستاندا كرد كه له پهرلهمانى كوردستان به بهشداريى سهرۆكايهتيى پهرلهمان و نوێنهرى حكوومهتى ههرێمى كوردستان و چهندين ميوانى ناوخۆيى و بيانى و به ئامادهبوونى بهڕێز ژيلبێر ميتيران كوڕى خاتوو ميتيران بهڕێوه چوو.
له ميانهى ڕێوڕهسمهكهدا، وێراى دانانى تاچهگوڵينه، بهڕێز جێگرى سهرۆك وتهيهكى پێشكهش كرد، ئهمه دهقهكهيهتى:
مسيوو ژيلبێر ميتيران
ئامادهبووانى بەڕێز..
ڕۆژتان باش..
سهرهتا دەمەوێت سڵاوی سهرۆك نێچیرڤان بارزانی و سهرۆكايهتيی هەرێمی کوردستانتان پێ بگەیەنم.
مایەی شانازییە ئەمڕۆ لە باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان یادی خاتوو دانیال میتيران دەکەینەوە کە ساڵی ١٩٩٢ ئەم دۆستە مەزنەی گەلەکەمان، هەر لەم پێگەیە مێژوویەدا بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پەرلەمانی تازە هەڵبژێردراوی کوردستاندا کرد.
دە ساڵ بەسەر کۆچی دوایيی خاتوو دانیال میتیراندا تێدەپەڕێت و ناو و ناوبانگی، وەک داکۆکیکاری ڕاستەقینەی مافی مرۆڤ و دۆستی دڵسۆزی گەلی کوردستان، هەر زیندووە و بە زیندووییش دەمێنێتەوە.
یادکردنەوەی مەدام میتیران لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لەم شوێنە بایەخدارەدا، دەربڕینی ئەمەکداریی گەلێکە، کە ئەم خانمە، ساڵانێکی زۆر و بێ دابڕان کۆششی کردووە بۆ گەیاندنی دەنگی بە دنیای ئازاد و مسۆگەرکردنی دۆستی زیاتر بۆ خەبات و مافە ڕەواکانی.
ئەم ڕێوڕەسمە بۆ گەلی کوردستان، یادکردنەوەی کەسایەتییەکە کە بە دایکی ئەم گەلە ناسراوە و بە ڕاستیش دایکێکی میهرەبان و دڵسۆزی کوردستانییان بوو.
لە ساڵە سەختەکانی سەدەی ڕابردووی خەباتی گەلەکەمان لەپێناو مافەکانیدا، ئەو دەمەی ڕژێمی پێشووی عیراق بە ئاگر و ئاسن کوردستانی وێران دەکرد و خەڵکی قاتوقڕ دەکرد، ساڵانێک کە بە زەحمەت دەنگی داواکانمان دەگەیشتە دنیای دەرەوە؛ خاتوو میتران دەنگی ڕاستیبێژ و هەقبێژی ئێمە بووە بۆ دنیا و چاوی ویژدانی مرۆڤایەتی بووە لەسەرمان.
خاتوو میتیران لەو کەسایەتییە مەزنانەیە کە هەموو تەمەنیان لەپێناو ڕەخساندنی دنیایەکی جوانتر بۆ مرۆڤایەتی و بەها جوانەکان تەرخان کرد، ئەو کەسایەتییانەی کە مێژووی مرۆڤایەتی جوانتر و ئاییندەش پڕ هیوا و پرشنگدارتر دەکەن.
بەڕێزان..
خاتوو میتیران بە هەق بەرهەمی کولتوورە ژیاندۆستەکەی فەرەنسای (ئازادی و یەکسانی و برایەتی)یە. ئەو ڕۆڵی کاریگەری بینیوە لە پتەوکردنی دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
فەرەنسا هەمیشە لە پێشەوەی وڵاتانی دۆستدا بوون بۆ هاوکاری و پشتیوانیکردن لە گەلی کوردستان، نزیکترین بەڵگەی بەرچاوی ئەم ڕاستییە، پشتیوانی و هاوکارییەکانی حکوومەت و گەلی فەرەنسایە، لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و گەلەکەی بەرامبەر بە شاڵاوە دڕندانەکەی تیرۆریستانی داعش. بەر لەمەش ئێمە هەرگیز هەڵوێستی جوامێرانەی فەرەنسا لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین و ڕۆڵی فەرەنسا لە نێوەندگیری بۆ ڕاگرتنی شەڕی ناوخۆ لە یاد ناکەین.
ئێمە زۆر بەهای هاوبەشمان هەن کە پێکەوە کاریان بۆ بکەین و بۆیان تێبکۆشین، لەپێش هەمووشیانەوە بەهاکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ و ژیاندۆستی.
گەلەکەمان هەرگیز هەڵوێستی دۆستانەی سەرۆک میتیران، سەرۆک هۆڵاند و سەرۆک ماکرۆن لە ساتە هەستیارەکاندا، لە یاد ناکات و بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە لێیان دەڕوانێت.
ئەم دۆستایەتییەی ئەمڕۆی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسا، یەکێک لەو ئامانجانە بوو کە خاتوو میتیران هەمیشە بۆی تێدەکۆشا، پتەوترکردنی ئەم دۆستایەتییە و فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاریی نێوان هەردوو گەل و حکوومەت، وەفادارییە بۆ ئەو پەیامە پیرۆزەی کە خاتوو میتیران تەمەنی خۆی پێ بەخشی.
ئێمە هەرگیز مەدام دانیال میتیران و هەڵوێستە دۆستانە و مرۆییەکانی لەبير ناکەین و وەک سیمبولێکی جوانی مرۆڤدۆستی بۆ هەموو مرۆڤایەتی لێی دەڕوانین، سیمبولێک کە لەنێو یادەوەری و مێژووەکەشماندا شوێنێکی دیار و تایبەتی هەیە.
دایکی کوردستانييان و خانمی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و مافهكانى گەلی کوردستان، بۆ هەتاهەتایە به زیندوويى له يادهوهريى خهڵكى كوردستاندا دهمێنێتهوه.
گيانى شاد و يادى بهخێر.
سوپاس بۆ ئێوه