شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

وەزیری پێشمەرگە: ئێستا هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئاستێکی زۆر باشدایە

بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی پێشمەرگە و ھێرشەکانی ئەم دواییەى تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمەرگە، ئه‌مڕۆ سێشه‌م شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان میوانی لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمان و لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی پەرلەمان بوو.

لەکۆبونەوەیەکی چوارکاتژمێریدا لە هۆڵی پڕۆتۆکۆلی پەرلەمان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون، گفتۆگۆ لەسەر دواین رووداو و پەلامارە تیرۆریستیەکانی ئەم دواییە کرا.

وەزیری پێشمەرگە پووختەیەکی لەسەر پلان و بەرنامەکانی وەزارەت بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و دوورکەوتنەوەیان لە ناوچەکە خستەڕوو، دواتر پەرلەمانتاران تەواوی سەرنج و پێشنیار و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو، لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە وەڵامی ورد و دروستیان درایەوە.

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد و گوتی “پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ئاستێکی باشدایە، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ سوپای عێراق بە هەمەئاهەنگی بتوانین هەنگاو بە هەنگاو و قۆناخ بە قۆناخ ئەو دەرفەتانە نەهێڵین کە پێشتر بۆ داعش هەڵکەوتبوون، هاوکات بتوانین زیانی گەورە بە گرووپی تیرۆریستی داعش بگەیێنین و لە کۆتاییشدا لە جووڵەیان بخەین”.

سەبارەت بە گۆڕینی تاکتیکی شەڕ لەگەڵ داعش، وەزیری پێشمەرگە گوتی “فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە ئەزموونێکی زۆریان لەوبارەیەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و تاکتیکی نوێیان داناوە بۆ ئەوەی بتوانن بە سەرکەوتووانە زیانی گەورە بە گرووپی تیرۆریستانی داعش بگەیێنن”.

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد كه‌ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەردەوامە و تیایدا رایگەیاند “لە چەند رۆژی ڕابردوو و داهاتووشدا بەردەوام کۆبوونەوەمان لەگەڵ هێزەکانی عێراق هەیە، ئەمە پەیامێکی دڵخۆشکەرە بۆ هاووڵاتییانی ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، تەنانەت بۆ سوپای عێراق و عێراقیش”.

وەزیری پێشمەرگە ئاشکراشی کرد “تەنیا رێگەیەک بۆ ئەوەی بتوانین جموجۆڵە تیرۆریستییەکانی داعش کەمبکەینەوە، باشترکردنی ئاستی هاوکارییەکان و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقە”.

سه‌باره‌ت به‌ قەدەغەکردنی میدیاکان بۆ ناو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ڕووماڵکردنی هه‌واڵه‌كان، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: ئەمڕۆ بڕیارمان دا بۆ رێکخستنەوەی کاری میدیایی سەربازی و نەهێشتنی ئەو پەرتەوازییە میدیاییەی کە زیان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەگەینێت، ڕووماڵی میدیایی دەزگاکانی راگەیاندن، بۆ ناو بەرەکانی جەنگ و هێزەکانی پێشمەرگه، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، بەتەواوی قەدەغەکراو، هیچ فەرماندە و پلەدار و پێشمەرگەیەک رێگەی پێنادرێت روونکردنەوە و چاوپێکەوتن بەبێ گەڕانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام بدات.