سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێگەیشت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، نامەیەکی لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن پێگەیشت .

لە نامەکەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و هەماهەنگیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەکاتەوە .
لە بەشێکی نامەکەی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاتووە ” سوپاسی ڕۆڵی گرنگیی پێشمەرگە لە تێکشکاندنی داعش دەکەین و بە ڕێز و پێزانینەوە یادی قوربانیدانەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بەداعش دەکەینەوە“

وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئاماژە بەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی لە بواری ڕاوێژکاری و ئاڵوگۆڕی زانیاری و هەواڵگریدا.

لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ سەرۆکی حکومەت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ” پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکادا هەیە لە سەر بنەمای بەها و ڕێزگرتنی هاوبەش. ئێمە بە خۆشحاڵییەوە، پێشوازی لە کارکردنی هاوبەشی نێوان هەردوولامان دەکەین. سوپاس بۆ پابەندبوونتان بەو هاوبەشییە گرنگەی لە نێوانماندا هەیە “.

ھەواڵی زیاتر