شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ھاوپەیمانێتی تەقەدوم دەکات

رۆژی سێشەممە 7ـی کانوونی یەکەم/ دیسه‌مبه‌ری 2021 لە سەلاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەمەد ئەلحەلبووسی، سەرۆکی ھاوپەیمانێتی تەقەدوم و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆکی ھاوپەیمانێتی تەقەدوم سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەھیدانە بە سەرۆك بارزانی گەیاند، کە لە چەند رۆژی رابردوو لە پەلاماری تیرۆرستانی داعش شەھیدبوون.

لە بەشێکی دیكه‌ی ئەو کۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

بەشدارانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە جێبەجێکردنی پرەنسیپی شەراکەت و تەوازون و چاکسازی لە حوکمرانی لە قۆناغی داھاتوودا کردەوە، بە مەبەستی رزگاربوونی عێراق لە قەیران و تەحەدیاتەکان.