ئەمڕۆ لە پەرلەمان باسی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان و مەترسییەکانی داعش لەو ناوچانە دەکرێت

بەگوتەی فەرماندە سەربازییەکان، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت، هەردوو لیژنەی ناوچە کوردستانییەکان و پێشمەرگە دەستیان بە بەدواداچوون کردووە بۆ ئەوەی هۆکارەکانی زیادبوونی جووڵە و هێرشەکانی داعش بزانن. فەرماندەکانی پێشمەرگەش، دەڵێن، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە گوند و ئاواییەکان چۆڵ دەبن.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کورستانییەکان زۆر خراپ بووە، رۆژبەرۆژیش جموجۆڵەکانی داعش زیاتر دەبن، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار حکوومەتی هەرێم داوای لە بەغدا کردووە بۆ ئەوەی بە هاوبەشی ئەو ناوچانە بەڕێوە ببرێن، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە پڕ بکرێتەوە.
پاشماوەکانی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە هاوکاری شانە نووستووەکان لە هەموو سنوورەکان خەریکی خۆڕێکخستنەوەن و ڕۆژبەڕۆژیش هێرش و پەلامار و چالاکی پارتیزانیان زیاتر دەبێت، ئەمەش بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە و جۆری ئەو هێزانەی ناوچەکە دەپارێزن، ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری چالاکییەکانی چەکدارانی داعش.
عەرەبی هاوردە هەڕەشە لە کورد دەکەن، کە گوندەکان چۆڵ بکەن و زەوییەکانیش رادەستی ئەوان بکەن، کە ئەو زەوییانە سەدان ساڵە موڵکی کوردن و، دەیانەوێت بە زۆر تەعریبیان بکەن، کوردیش ئەمە ڕەت دەکاتەوە”.
بەگوتەی بەرپرسانی کورد لەو ناوچانە کە بۆ “هەولێر” قسەیان کردووە، رەوشی ناوچە کوردستانییەکان لە هەموو رووێکەوە خراپە، لەرووی تەعریبەوە خراپە، لەرووی ئەمنییەوە وێرانە، داعش پەڕەی سەندووە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی حەشدی شەعبی باش نیە لەگەڵ خەڵکەکە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ خەڵک دەکەن.
ئەو بەرپرسانە، دەشڵێن، باشترین چارەسەر بۆ ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140 ئەوەیە ئەو ماددەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت هیچ کێشەیەک نامێنێت”.
جوان یونس، سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاندووە: “نووسراوی هاوبەشی لیژنەی ئێمە و لیژنەی پێشمەرگەمان ئامادەکردووە و ئەمڕۆ دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی داعش تێیدا بەهێزە، بدۆزنەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەش بپارێزرێن لە هەر مەترسییەکی داعش بۆ سەر گوند و ناوچەکانیان.”
سەرۆکی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دەشڵێ:” نووسراوی هاوبەشمان بە ناوی لیژنەکەی ئێمە و لیژنەی پێشمەرگەوە ئاڕاستەی وەزیری پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوەی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بێت و روونیبکاتەوە بۆچی لیوا هاوبەشەکان کارەکانیان تەواو نەبووە، هەروەها هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش بخاتەروو، ئەگەر کێشە لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەبێت وەزیر پێمان بڵێت و ئەگەریش لە بەغدایە روونکردنەوە بدات، بۆ ئەوەی دەرچەیەکی دیکە بدۆزینەوە”.
موقەدەم یاسین سەبری، فەرماندەی پێشمەرگە، بە “هەولێر”ـی گوت:” سەرەکی ترین هۆکاری دەرفەت وەرگرتنی داعش بۆ ئەنجامدانی هێرشە تیرۆرستییەکانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بۆشایی ئەمنییە لە ناوچە کوردستانییەکان، ئەگەر هەماهەنگیی هەبێت و رێگە بە هێزی پێشمەرگە بدرێت، وەکو 2017 باشترین ئەمنیەت و ئاسایش بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دابین دەکەن.
ناوبراو دەشڵێ: “لە زیادبوونی داعش، حکوومەتی عێراق خەتابارە، چونکە تا هەماهەنگی نەبێت لەگەڵ پێشمەرگە و ئەو بۆشاییەی هەیە پڕ نەکرێنەوە ناتوانرێت ئەو هێرش و کردەوە تیرۆریستیانەی داعش کۆنتڕۆڵ بکرێن، هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێزە عێراقییەکان لەناو خۆیان هەماهەنگ نین”.
ملازم بەیار قاسم، ئەفسەری پێشمەرگە بۆ “هەولێر” ئاشکرای کرد: “جموجۆڵی چەکدارانی داعش رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت، لە مەخموور تا دەگاتە سنووری داقوق، چەندین کەتیبەیان بە ناوی جیاجیا دروست کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی خۆی لە سووریا هێناوەتە ناوچەکە، بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکە و لەگەڵ سوپای عێراق ئەو ناوچانە بپارێزن، چونکە ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە رۆژبەرۆژ ژمارەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە زیاتر دەبێت و کردەوە تیرۆرستییەکانیش زیاتر دەبن، ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە گوند و ئاواییەکان چۆڵ دەبن”.

ھەواڵی زیاتر