رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژه‌یاسای چه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرا

ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پڕۆژه‌یاسای چه‌كی له‌ هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ كرد.

ڕاگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: بە مەبەستی تاوتوێکردن و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتی د. ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د. ڤاڵا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، لە ھۆڵی پڕۆتوکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نێوان لێژنەى ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنه‌ خۆجێیەکان، ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ سه‌رۆك و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەى ناوخۆى په‌رله‌مان ئامادەى بوون، گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەبارەی پڕۆژەیاسای چەک لە ھەرێمی کوردستاندا کرا.

مەبەست لە کۆبوونەوەکە ھەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی چەند سەرنج و تێبینییەکی یاسایی بوو له‌سه‌ر پڕۆژەکە و ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەبارەیەوە، بۆئەوەی ئاڕاستەی لێژنەی کاروباری یاسایی بکرێت بە مەبەستی ڕاستاندنى و ئاڕاسته‌كردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمان تا خوێندنەوەی دووەمى بۆ بکرێت.