سەرۆک بارزانی؛ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن

سەرۆک مەسعود بارزانی، پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکانی چەند شەوی ڕابردووی تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە بڵاو کردەوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆی بە کەسوکاری شەهیدان گەیاند و ڕایگەیاند؛ پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەکانمان لە تیرۆرستان بکرێتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی؛

پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەداخێکی زۆرەوە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆرستانی داعش بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە قەرەسالم لە سنوری ناوچەی پردێ، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری شەھیدانی ئەو پەلامارە تیرۆرستیە دەکەم و، خۆم بە ھاوبەشی خەمیان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم رۆحی شەھیدەکان بە بەھەشتی بەرین شادبکات و سەبر و ئارامی بە کەسوکاریان بدات، ھیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم.
جەختیش لەوە دەکەمەوە کە پێویستە تۆڵەی خوێنی شەھیدەکانمان لە تیرۆرستان بکرێتەوە. بەھۆی زۆربوونی جموجوڵ و پەلامارەکانی تیرۆرستان لەم دواییانە پێویستە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ئامادەکاری زیاتر بکات و تەکتیکی جەنگی بگۆڕێت و لە دۆخی بەرگریکردنەوە بکرێتە ھێرشبردن، بۆ سزادان و لەناوبردنی تیرۆرستانی داعش .
ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی شەڕی داعش و ھەموو شەھیدانی رێگەی ئازادی کوردستان.

مسعود بارزانی

ھەواڵی زیاتر