لەسەر داوای وەزیری پەروەردە قوتابخانەی گوندی خدر جیجە بە ناوی شەهید”بارزان” کرا

شەهید “بارزان” بچووکترین شەهیدی کۆتا هێرشی تیرۆرستانی داعش بوون لە بناری قەرەچوغ لە گوندی خدر جیجە، کە تەمەنی تەنیا ١٠ ساڵان بوو لە یارمەتیدانی براکانیدا لە ڕووبەڕووبووەنەوەی چەکدارانی داعشدا بەهۆی پێکرانی بە گوللەی قەناس شەهید بوو.

بە بڕیاری وەزیری پەروەردە، دوێنێ لە سەرجەم قوتابخانە حکوومەی و ناحکوومییەکان پێش ئەوەی وانەی یەکەم بخوێنرێت قوتابیان و مامۆستایان خوولەکێک بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهید بارزان وەستان.
هەر لەسەر داواکاریی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەی گوندەکەی شەهید بارزان، گوندی خدر جیجە بەناوی شەهید بارزان کرا.
بەڕێوبەری پەروەردەی مەخمور، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاندووە؛ لەسەر فەرمانی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، قوتابخانەی گوندی خدر جیجە، کە پێشسێ رۆژ داعش ھێرشی کردە سەری و کۆمەڵێک ھاووڵاتی و پێشمەرگە شەھید بوون، لەنێویاندا بارزانی تەمەن ١٠ساڵان ھەبوو کە پۆلی چواری سەرەتایی بوو، لە کاتی بردنی فیشەک بۆ برایەکەی کە شەڕی داعشی دەکرد، گوللەیەکی قەنناسی بەرکەوت و شەھید بوو، بۆیە وەکو رێزێک لە خوێنی ئەو شەھیدە، ئەمڕۆ بە فەرمی ناوی قوتابخانەکە گۆڕدرا بۆ قوتابخانەی شەھید بارزان، چونکە ئەو خوێنی خۆی کردە قوربانیی خاک و نیشتیمان.
جێگای ئااژە پێکردنە، بارزان ٢ برای دیکەشی لەو هێرشەی تیرۆرستانی داعشدا شەهید بوون و ڕووداوەکەش دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کردن و دایکی شەهیدانی وەک شێرەژن ناوبرد.

ھەواڵی زیاتر