بە نوێنەرایەتیی نێچيرڤان بارزانى، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی کرد

دوێنێ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، سەردانی گوندی خدرجیجە و بنەماڵەی شەھیدانی کرد.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا جێگری سەرۆک، پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی بە بنەماڵەی شەھیدان دڵشاد قادر، دیدار قادر، وەلی عه‌بدوڵڵا، بارزان ئیسماعیل، ئازاد ئیسماعیل، نازم ئیسماعیل و نەفیل مەحموود گەیاند کە لە ٢٠٢١/١٢/٣ لە پەلامارێکی تیرۆرستانی داعشدا لە گوندی خدرجیجه‌ لە قەرەچووغ، هه‌روه‌ها سێ برای یەک خێزان و چەند پێشمەرگەیەکی قارەمان شەھید کران، لەگەڵ برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکى ديكه‌.
لە بەردەوامیی سەردانەکاندا دوێنێ، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، سەردانی چەند بنەماڵەیەکی ديكه‌ى شەھیدانی کرد و پرسە و سەرەخۆشی و ھاوخەمیی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی بە بنەماڵەی شەھیدان سەنگەر محه‌مه‌د، یاسین سلێمان، فەخری سەعید، نازم عه‌بدوڵڵا، شوکر ئەبو زێد و کامەران بوشۆ گەیاند.
جێگری سەرۆک جه‌ختی لە پڕکردنەوەی بۆشایيی ئەمنیی ئه‌و ناوچانە کردەوە و له‌مباره‌یه‌وه‌ باسی له‌ به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ گفتوگۆ و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عيراق و ھێزەکانی ھاوپەیمانان كرد.
جێگری سەرۆک، ئازایەتی و گیانفیدایيى پێشمەرگەی کوردستانی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بەرز نرخاند، بەتایبەتى لە ھەموو ئەو سەرکەوتن و ڕووبەڕووبوونەوانەی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش ئەنجامی دەدەن.

ھەواڵی زیاتر