7 کاروانی کۆچبەران گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

هەردوو حكوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوامن لە گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنووری نێوان پۆڵەندا و بیلاڕووسیا گیریان خواردبوو، تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، ٧ کاروانی گەڕاندنەوەی کۆچبەران هەبووە و بەپێی گوتەی هەردوولاش گەڕانەوەی کۆچبەران بەردەوام دەبێت.

سەرەڕای ئەوەش هێشتا نزیکەی ٢ هەزار کۆچبەر لە بیلاڕووسیا ماون و بەشی زۆریان بەتەمان بگەڕێنەوە، پاش ئەو دۆخەی ناخۆشەی لە سنوورەکان بەسەریان هات، ئەو کۆچبەرانە بەشێکیان خەڵكی هەرێمی کوردستانن، بەشێکی دیکەشیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەفریقا، ناوچەکانی دیکەی عێراقن، جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان کە بەشی زۆریان لەلایەن قاچاغچیەکانەوە هەڵخەڵەتێنراون، کۆچبەرانی دیکە بەهۆی ترس لە داعش و خراپی دۆخی ئابووری لە وڵاتەکانیان هەڵدێن، سەرەڕای ئەو هەوڵانەش پۆڵەندا رێگە نادات هیچ کۆچبەرێک بپەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی و هەموو کۆچبەران لە کەشێکی سارد و بەفراویدا لەسەر سنوور کەوتوون، ژمارەیەکی کەم لەو کۆچبەرانە بە نایاسایی دەپەڕنەوە و بەشێکی دیکەیان لە کەمپە کاتییەکان دادەنرێن، هەموو ئەو قەیران و دۆخە خراپەش ناکۆکیی نێوان یەکێتی ئەوروپا و بیلاڕووسیا دروستی کرد، یەکێتی ئەوروپا بیلاڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو کارتی سیاسی، سەرەڕای ئەوەش حكوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە ١٨ـی مانگی رابردووەوە دەستیان بە گەڕاندنەوەی کۆچبەران کردووە، لە کاروانی یەکەمدا 424 کۆچبەر و لە کاروانی دووەمدا 176 کۆچبەر گەڕێنراونەتەوە، هەروەها لە سێ کاروانی دیکەدا، جارێکیان 432 کۆچبەر و پاشان 420 کۆچبەری دیکە و لە کاروانی پێنجەمیشدا 420 کۆچبەر گەڕێنرانەوە، کۆتایی هەفتەی رابردوو و سەرەتای ئەو هەفتەش نزیکەی 900 کۆچبەری دیکە گەڕێنرانەوە، بەجۆرەش کۆی کۆچبەرە گەڕاوەکان گەیشتووەتە نزیکەی 2900 کۆچبەر .

هەوڵی گرتنی قاچاغچیەکان
ماڵی مامەند خێزانی یەکێک لە کۆچبەرە بێسەروشوێنەکان پڕە لە میوان، هەموویان بەدوای ئەوەن زانیارییەکیان دەست کەوێت لەبارەی کوڕە بێسەروشوێنەکەیان لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیا، ئەوان ترسیان هەیە توانا مامەندی ١٨ ساڵان لە ناو ئەو ٢٧ کۆچبەرە بێت کە هەفتەی رابردوو لە کەناڵی ئینگلیز لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا خنکان، زانا برای توانا لەگەڵ سڕینی فرمێسکەکانی بەڵێن دەدات تۆڵە لەو قاچاغچیە بکاتەوە کە براکەی هەڵخەڵەتاند و رازیی کرد رێگەیەکی پڕمەترسی بگرێتە بەر، ئەو دەڵێ: “دەیناسم، خێزانەکەشی دەناسم، ژمارەی تەلەفۆنیم هەیە”.
لە رانیە کە کۆی ژمارەی دانیشتووانی ٤٠٠ هەزار کەس دەبێت، بەشێکی گەنجان کۆچیان کردووە؛ گەنجەکان لەلایەن چەند باند و گرووپێکەوە هەڵدەخەڵەتێنرێن و دەبرێنە تورکیا و دواتر فێڵیان لێ دەکرێت لە رێگای کۆچدا، سەرەڕای هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بەڵام هێشتا ئەو تۆڕانە بنەبڕ نەکراون کە گەنجان هەڵدەخەڵەتێنن، لەکاتێکدا زۆربەی کۆچبەرە خنکاوەکانی کەناڵی ئینگلیز کورد بوون؛ خێزانەکانیان چاویان لەوەیە ئەو کەسانەی رۆڵەکانیان هەڵخەڵەتاندوون دەستگیر بکرێن.
بەپێی ئاماری نافەرمی لە ساڵی 2021 دا زیاتر لە 21 هەزار عێراقی کۆچیان کردووە، ٧ هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستان و بەشێکیان لە رانیە و قەڵادزێ هەوڵی کۆچیان داوە، ئەوە بەپێی ئاماری سەعید بەکر عەلی، بەرپرسی یەکێک لە رێکخراوەکانی کۆچبەران لە هەرێمی کوردستان.
توانا یەکێک لەو کۆچبەرانە ٥ جار پێشتر هەوڵی پەڕینەوەی لە کەناڵی ئینگلیز داوە، دوایین جار رۆژی ٢٣ـی مانگی رابردوو بوو، دوایین جار کە زانا لەگەڵ براکەی قسەی کرد کاژێر دووی بەرەبەیانی رۆژی ٢٤ـی مانگی رابردوو بوو، ئیدی لەوکاتەوە دەنگی نەماوە.
لە رانیە چەندین نووسینگە هەن پەیوەندیان لەگەڵ قاچاغچیەکان هەیە و خەڵك هەڵدەخەڵەتێنن، بەڕێوەبەری ئاسایشی رانیە دەڵێ: “قاچاغچیەکان زۆربەیان لە تورکیان، بۆیە دەستمان نایانگاتێ لە هەوڵی بەردەوام داین بۆ دەستگیرکردنیان، حكوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو دوو تۆڕی بە قاچاغبردنی خەڵك دەستگیرکراون، هەوڵی دەستگیرکردنی تۆڕی دیکەش بەردەوامە.

ھەواڵی زیاتر