لەماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا و لە سێ هێرشی جیاوازدا نزیکەی پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار، ئەو هێرشانە بوونە بەڵگەی زیادبوونی جموجۆڵی داعش کە سەرکردایەتیی کورد چەندین جار و لە چەندین بۆنەدا هۆشدارییان دابوو کە داعش خەریکە خۆی رێک دەخاتەوە و جموجۆڵەکانی زیاتر بوون.
دوایین هێرشی داعش بووە هۆی شەهیدبوونی ١٣ کەس کە ژمارەیەکیان پێشمەرگە بوون لە مەخموور، هێرشەکە جگە لەوەی بوونە هۆی ماڵوێرانیی چەندین خێزان،زیانیشی بە سەرەکیترین هێزی شەری داعش گەیاند کە پێشمەرگەیە.
عێراق لە شەڕی داعشدا هاوکار نییە
ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە عێراق هەردوو وەزارەتەکانی بەرگریی عێراق و پێشمەرگە خەریکی دروستکردنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشن، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار پێشمەرگە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش، بەڵام وەکو جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: ”بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق هەموو جار لەگەڵمان رێکدەکەون لەسەر یاداشتی هاوبەش بەڵام کە دەچنەوە بەغدا پەشیمان دەبنەوە”ئەوەش زیانی گەورەی لە شەڕی رووبەرووبوونەوەی داعش داوە چونکە زۆربەی جموجۆڵەکانی داعش لەو ناوچانەیە کە دەکەونە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان هەیە.
مەخموور یەکێکە لەو ناوچانەی کە دەبوو ناوەندێکی هاوبەشی بۆ دابنرێ ئەو ناوچەیە بە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای هەولێر هەڵکەوتووە، لەوێ لە مەخموور عێراق هیچ هەنگاوێکی بۆ ناوەندی هاوبەش هەڵنەگرتووە،ناوەندە هاوبەشەکان ئەرکی سەرەکییان گۆڕینەوەی زانیاریی هەوالگری و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە بەڵام بەرپرسانی سەربازی عێراق ئەو بابەتەیان بە هەند هەڵنەگرتووە، هەم رۆژی هەینی و هەمیش چەندین جاری دیکە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی داوای هەماهەنگیی زیاتری سەربازی دەکەن لەگەڵ هێزە عێراق لە پێناو راگرتنی چالاکییەکانی داعش.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و شارەزایان دەلێن ئەو هێرشانە ئەنجامی نەبوونی هەماهەنگییە لە ناوچە جێناکۆکەکان،داعش دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە و رۆژانە هێرش دەکات، داعش لە ٢٠١٧دا سەرکەوتنی سەربازی بەسەردا راگەیەنرا بەڵام هێشتا مەترسییەکی جیدییە و هەڕەشە لە ژیان و ماڵی خەلک دەکات، ئەو گرووپە تیرۆرستییە سێ ساڵ یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی گرت،ئێستاشی لەگەڵ بێ لە زۆر ناوچە بە شێوەی گرووپ و تاک هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.
بەپێی دوایین ئاماری هاوپەیمانان هێشتا نزیکەی ١٠ هەزار چەکداری داعش لە عێراق سووریا ماون،بۆیە هەڕەشەی جیدین لەسەر ناوچەکە و پێشمەرگەش هاوکاری و پشتیوانیی زیاتری پێویستە.
هاوپەیمانان: پشتیوانیمان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێ
لەگەڵ داواکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی رۆژی هەینی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ٨٤ وڵات تێیدا ئەندامن پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە لە شەری داعش دووپات کردەوە.
بەپێی راگەیەنراوی هاوپەیمانێتییەکە، بەلجیکا و ئەمریکا بە هاوبەشی میوانداری کۆبوونەوەیەکی نوێنەرانی سیاسی هاوپەیمانێتییەکەیان کردووە لە برۆکسل، لە کۆبوونەوەکەدا کە سۆفیا ویلمس وەزیری دەرەوەی بەلجیکا و جێگری سەرۆکوەزیران بەشداربوو،لەگەڵ جۆن گۆدفری نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش، گۆدفری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کرد پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بێ رێگە نەدرێ داعش لە عێراق سووریا سەرهەڵبداتەوە،ب بەشێکی کۆبوونەوەکە، ڕایانگەیاند پابەندن بە پشتیوانیی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆردا، ڕاگەیەنراوەکە باس لەوە دەکات سورین و جەخت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە دەکەینەوە.
سەڕەرای ئەوەش هێشتا هەم پێشمەرگە هەم سەرکردایەتی کورد چاوی لەوەیە هەوڵەکان بۆ رێگری لە تیرۆر و داعش چڕ بکرێتەوە هاوکاری زیاتری پێشمەرگە بکرێت بۆ ئەوەی رێگە نەدات داعش ببێتەوە هەڕەشەی هاوشێوەی ساڵانی رابردوو لەسەر ناوچەکە و جیهانیش.