پیلانێکی خراپتر لە داعش لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردندایە

مەترسییەکان بە تایبەتی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر کوردستان زیاتر بووە و لە ماوەی رابردوودا کۆمەڵێک پێشمەرگە و هاووڵاتی مەدەنی بەهۆی هێرشی داعش شەهید بوون، چاودێرێکی سیاسی پێی وایە ئەوەی لەو ناوچانە روو دەدات لە داعش مەترسیدارترە و پیلانێکی عێراقی و ناوچەیی لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردندایە و تەنیا یەکگرتوویی و یەکڕیزی هیزە سیاسییەکان و تۆکمەکردنی سەنگەرەکانی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو پیلانە هەڵبوەشێنێتەوە.

ماوەیەکە هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و مەترسییەکانی داعش گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. دەمێک بوو هاوار دەکرا ئەگەر بۆشایی تەناهی ناوچە کوردستانییەکان پڕ نەکرێتەوە ئەوا تیرۆریستان دەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە و پێویستە هەرچی زووە چارەیەکی دۆخەکە بکرێت.
پێشتر بە تایبەتی لە سێ ساڵی دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر باس و خواستەکان لەسەر زیندووکردنەوەی پاشماوەکانی داعش و دووبارە رێکخررانی شانە نوستووەکانی داعش بوو بەڵام ئەمساڵ خەریکە دۆخەکە لەوە دەترازێت، چونکە تیرۆریستانی داعش دۆخەکەیان بە تەواوی لە قازانجی خۆیاندا قۆستووەتەوە و هیز و لایەنی تر دەستیان تێکەڵ کردووە و ئەجیندای خۆیان جێبەجێ دەکەن.
نسرەت سۆفی بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان، بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە ئەوەی ئێستا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان روو دەدات و ئەو هێرش و پەلامارانەی دەخرێنە سەر هیزی پێشمەرگە و دانیشتووانی گوندەکان، لە داعش گەورەتر و مەترسیدارترە و دەستێکی ناوخۆ لە عێراق بە هاوکاری وڵاتێکی ناوچەکە لە پشتی ئەو هێرشانەوەیە و دەیانەوێت لەم رێگایەوە کۆمەڵیک ئامانجی خۆیان بەدەست بهێنن.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو پیلانانە ئەوەیە گوشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان تا تەسلیمی ئەجیندای ئەوان ببێت و لەو دۆخە نالەبارەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ویستی خۆیان جێبەجێ بکەن.
بە گوتەی ئەو چاوەدێرە سیاسییە ئەوەی لەم ناوچانە روودەدات لە راستیدا درێژکراوەی پاکتاوی رەگەزی و لەناوبردنی گەلی کوردە و درێژکراوەی هەمان سیاسەتە کە لە سەردەمی بەعسدا جێبەجێ کراوە و خوازیارن کورد گوندەکانی خۆی چۆل بکات و عەرەب و شۆڤێنییەکان جێگەیان بگرێتەوە، بەڵام کورد زۆر لەوە ئازاترە بەو جۆرە پیلانانە چۆک دادات، دەبینرێ خەڵک بە بێ پێشمەرگەش خۆیان بەرگری لە خۆیان دەکەن و تەنانەت ئامادەن لەو پێناوەدا شەهید بدەن و خاکی کوردستان بپارێزن، وەک چۆن لە گوندێکی نزیک قەرەچووغ سێ برا بەیەکەوە شەهید بوون.
وەک زیاتر باسی کرد ئەوەی دەتوانێت کورد لەم پیلانە نوێیە و پیلانەکانی داهاتوو بپارێزێت و شکست بە دوژمنانی کورد و کوردستان بهێنێت، تەنیا یەکگرتوویی و یەکڕیزی گەلی کورد و پارتە سیاسییەکانە و ئیتر بەراستی کاتی ئەوە هاتووە کورد لە پرسە نەتەوەییەکانی و تەنانەت لە هەموو ئەو پرسانەی لە داهاتوودا بۆی دێتە پێش یەکدەنگ و یەکگرتوو بێت و بەرپەرچی پیکانی دوژمنان بداتەوە.
ئەو بە پێویستی دەزانێت هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بکرێت و سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوتر و تۆکمەتر بکرێن و چیتر متمانە بە هیچ هێزێکی غەیرەکوردی سنوورەکە نەکرێت، جا ئەو هێزە میلیشیای حەشدی شەعبی بێت یان هەر هێزێکی تر.
جێی باسە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرپرسیارێتی هێرشی سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەرەچووخی بە ئەستۆ گرت کە بەهۆیەوە ١٣ کەس شەهید بوون. چەند رۆژ بەر لەو رووداوەش لە نزیک کوڵەجۆ لە سنووری گەرمیان لە ئاکامی هێرشێکی تیرۆریستی کۆمەڵێک پێشمەرگە شەهید بوون.
کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆی مشووری ئاسایش و داهاتووی کوردستان بخوات و بە یەکڕیزی و یەکدەنگیی بەرپەرچی هەر پیلانێک بداتەوە کە لە لایەن دوژمنەکانی جێبەجێ دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر