یەکەی 80ی هێزی پێشمەرگە لەبارەی وتەکانی کەسێک بەناوی فەیسەڵ غازی، کارگێڕی مەڵبەندی سێی یەکێتی لەبارەی هێرشی داعش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند “ئەم جۆرە قسە هەڵبەستراوانە هیچ بنەمایەكی نییە و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ڕۆحی برایەتی و پێشمەرگایەتی و كوردایەتی ناگونجێت. ئەگەر ناوبراو ئەوەندە خۆی بە بوێر دەزانێ و بە ڕاستی دەیەوێت شەڕی داعش بكات، ئەوە كەس ڕێگەی لێ نەگرتووە”.
دەقی روونکردنەوەکەی یەکەی 80ی هێزی پێشمەرگە
ڕوونكردنەوەیەك لە یەكەی هەشتای هێزی پێشمەرگەی كوردستان دوابەدوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش لە میحوەری مەخموور و چیای قەرەچوغ و شەهید و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی و پێشمەرگە، كەسێك بەناوی غازی فەیسەل كە كارگێڕی مەڵبەندی سێی یەكێتیە و خۆی وەك فەرماندەیەكی خۆبەخش ناساندووە لە چەند میدیا و پێگەیەكی سۆشیاڵمیدیا كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و ناڕەوای لەدژی هێزەكانی یەكەی هەشتا كردووە ئەم كەسە لە قسەكانیدا ئیدعای كردووە كە یەكەی هەشتا ڕێگەی پێ نادات بچێت شەڕی داعشەكان لەو میحوەرە بكات و یەكەی هەشتا بە لایەنگریكردنی داعش تۆمەتبار دەكات. لێرەدا ڕایدەگەیێنین كە ئەم جۆرە قسە هەڵبەستراوانە هیچ بنەمایەكی نییە و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ڕۆحی برایەتی و پێشمەرگایەتی و كوردایەتی ناگونجێت. ئەگەر ناوبراو ئەوەندە خۆی بە بوێر دەزانێ و بە ڕاستی دەیەوێت شەڕی داعش بكات، ئەوە كەس ڕێگەی لێ نەگرتووە، با بێ و یارمەتیشی دەدەین بۆ ئەوەی بچێتە هێڵەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
یەكەی هەشتای هێزی پێشمەرگەی كوردستان
4-12-2021