عه‌ماڕ حه‌كیم سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانی گوندی خدرجیجه‌ ده‌كات

عه‌ماڕ حه‌كیم سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانییانی هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی دوێنێ شه‌وی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر گوندی خدرجیجه‌ سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی مه‌خموور كرد.

عه‌ماڕ حه‌كیم له‌ توێتێكدا ڕایگه‌یاند “به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و سه‌رپێچییه‌ ئه‌منییه‌ی كه‌ له‌ گوندی خدر جیجه‌ی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی مه‌خموور ڕووی دا و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل و ئه‌ندامانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌ قوربانی”.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند “ڕووداوه‌كه‌ داوامان لێ ده‌كات توانا هه‌واڵگرییه‌ هاوبه‌شه‌كانمان زیاتر بكه‌ین بۆ نه‌هێشتنی پلانه‌ تاوانكارییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه”‌.

له‌ كۆتایی تویته‌كه‌دا سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی ڕه‌حمه‌ت و لێخۆشبوونی بۆ شه‌هیده‌كان نارد و هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆشی له‌ كه‌سوكاره‌كانیان كرد.

جێی باسه‌ شه‌وی ڕابردوو چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌ سه‌ر گوندی خدرجیجه‌ له‌ بناری چیای قه‌ره‌چووغ له‌ نزیك مه‌خموور‌ و له‌ ئه‌نجامدا 13 هاووڵاتی و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌هیدبوون.