مەسرور بارزانی بۆ دایکی سێ برا شەهیدەکان: هەموومان کوڕی بەڕێزتین.. هەمووشمان بمرین ئەو ڕێبازە بە سەربەرزی دەمینێتەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی خانەوادەی سێ برا شەهیدەکانی کرد و بە دایکییانی ڕاگەیاند، ئێمە هەموومان کوڕی بەڕێزتین، ئەگەر هەمووشمان بمرین ئەو ڕێبازە و شەهیدان هەر بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی سەردانی ماڵی حاجی ئیسماعیل خانەوادەی سێ برا شەهیدەکانی کرد و دڵنەوایی کەسوکارەکەیانی کرد.

سەرۆکی حکوومەت لە میانەی سەردانەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە بە ئێوەوە سەربەرزین و هەموومان کوڕی بەڕێزتین، هەمووشمان بمرین ئەو ڕێبازە و شەهیدان بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.

هەروەها دایکی سێ برا شەهیدەکە ڕایگەیاند: شانازی بە ڕۆڵە قارەمانەکانم دەکەم، تا دوا فیشەک بەرگریان کرد و ئامادەم ئەو سێ کوڕەی دیکەشم کە ماون لەپێناو ئەو ڕێبازە بکەمە قوربانی.

گوتیشی: بە کوڕە شەهیدەکانم دەڵێم ” زۆرم خۆشدەوێن و ڕۆحتان شادبێت.

هەروەها یەکێک لە براکانی سێ شەهیدەکان بە مەسرور بارزانی ڕاگەیاند کە لەو کاتەوەی براکانی شەهیدبوونە جلی خوێناوی ئەوانی لەبەرنەکردووەتەوە، داوای لێکرد مەسرور بارزانی لە باوەشی بکات و دوای ئەوە جلەکەی لەبەردەکاتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەکەدا لەگەڵ تیرۆرستانی داعش هەر سێ براکەی لە تەنیشتییەوە شەهیدبوون، بەڵام نەوەستاوە لە بەرگریکردن و تا دوا فیشەک بەرپەرچییانی داوەتەوە، گوتیشی: ئێمە هەر هەموومان ئامادەین لەپێناو ئاڵای کوردستان و خاک و نیشتمان و شەڕەفی خۆمان خوێنمان ببەخشین.

ھەواڵی زیاتر