وەزارەتی کارەبا چەند ڕوونکردنەوەیەک دەدات

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەنگۆی فرۆشتنی كارەبای هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/12/0221، وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە: “لە چەند رۆژی رابردوودا، لەسەر بانگهێشتی عادل كەریم، وەزیری كارەبای عێراق؛ كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای هەرێم بە سەرۆکایەتیی شاندێكی باڵای وەزارەت سەردانی شاری بەغدای كرد و لەگەڵ وەزیری كارەبا و بەرپرسانی ئەم وەزارەتە كۆبووەوە”.

ئەوەش خراوەتە روو: “كۆبوونەوەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی و بەهێز کردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی كارەبا و جێبەجێكردنی پرۆژەكانی كارەبا لە ناوچەكانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بەڕێوەچوون”.

ئاماژە بەوەشکراوە: “باسکردنی ئەزموونی وەزارەتی كارەبا لە بوارەكانی بەرهەمهێنان، بەكارهێنانی گازی بەفیڕۆچووی كێڵگە نەوتییەكان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هەنگاونان بەرەو وزە نوێبووەكان، جێبەجێكردنی ئەزموونی سەركەوتووی پێوەری زیرەك كە بووە هۆی كەمبوونەوەی بەرچاوی بەفیڕۆدانی كارەبا و كەمكردنەوەی سەرپێچیەكان و جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی گرنگی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لەسەر بودجەی سیادی چەند بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوەكان لەگەڵ بەرپرسانی کارەبای عێراق بوو”.

هەروەها وەزارەتی کارەبا جەختیشیکردووەتەوە کە هەموو ئەو دەنگۆیانەی باس لە فرۆشتنی كارەبای هەرێم دەكەن، بێ بنەما و دوورن لە راستییەوە، ئەو بڕە كارەبایە لە رێگەی وەبەرهێنەرەكانەوە بەهاونیشتمانیانمان لە كەركووك، دەشتی نەینەوا و دیالە دەدرێت و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەم وێستگانەی بەرهەمهێنانی كارەباوە نییە كە حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی كارەبا بە هاونیشتمانیان بەگەڕی خستوون.

وەزارەتی کارەبا لە روونکردنەوەیەکەیدا دووپاتیشیکردووەتەوە کە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حكوومەتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق دایە، ئێمە لە وەزارەتی كارەبا لەسەر ئەو ستراتیژییە و بە شێوازی پرۆفیشناڵ كاری پیشەیی خۆمان بۆ خزمەت کردنی هاوڵاتیاندا دەكەین.

هەروەها وەزارەتی کارەبا سوپاسی هاووڵاتییانی كوردستان دەکات كە بە سەبر و پشوودرێژی لەگەڵیاندا بوون ئاماژە بەوەشکراوە، پاڵپشتی و هاوكاریی بەردەوامی ئەوان زامنی سەركەوتنی ئێمە بۆ رووناك کردنەوەی ماڵەكانی كوردستان و هەنگاونان بەرەو بەڕێوەبردنێكی باشتری کەرتی كارەبایە.
وەزارتی كارەبا
2021/12/2