پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بەشداریی لە کۆڕبەندی هاوپەیمانیی یەکێتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهاندا دەکات

بە بانگهێشتێکی فەرمیی هاوپەیمانیی یەکیتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهان (IDU)، شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێک هاتووە لە هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)، ئەمیر جەرگیس، بەرپرسی دێسکی ئەورووپای پەیوەندییەکانی دەرەوە و خاتوو زۆزان بەرواری، بەرپرسی دێسکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە شێوەی ئۆنڵاین و لەڕێگەی زوومینگ بەشدارییان کرد لە کۆڕبەندی هاوپەیمانیی یەکیتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهان (IDU) کە بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەم بلۆکبەندییە سیاسییە کە زیاتر لە (٨٠) پارتی سیاسیی پێشکەوتنخواز و ناسراو لە سەرتاسەری جیهان و لە زیاتر لە (٦٠) وڵاتەوە تێیدا ئەندامن و بەشێکیان لە حوکمڕانیدان بەڕێوە چوو . ئەم کۆڕبەندە سیاسییە لە ڕۆژانی ٣٠/١١ تاکوو ٢/١٢/٢٠٢١ی خایاند.

پارتی دیموکراتی کوردستان  KDPئیستا تەنیا ئەندامیکی چالاکە لە ڕێکخراوی پارتە سیاسییەکانی ئاسیا – ئایکاپ، کە نوێنەرایەتیی نزیکەی (٣٠٠) پارتی سیاسیی ئاسیا دەکات کە لەسەر بنەمای جوگرافی دامەزراوە و دوورە لە بلۆکبەندییەکی هزری و ئایدیۆلۆژییەکان و زۆتر بۆ هاوکاری و هەماهەنگی و ڕاگۆڕینەوەیە لەسەر پرسەکانی کیشوەری ئاسیا و لەسەر بنەمای دۆستایەتیی نێوانیان کە خزمەت بە ئاشتی و دیموکراسی و پیشکەوتنی کۆمەڵگاکانیان دەکات لە بوارە جیاجیاکاندا لەم بەشەی جیهان، پارتی ئەندام نییە لە هیچ کام لە بلۆکبەندییە سیاسی و هزرییەکانی پارتە سیاسییەکانی تری جیهان و سەرەڕای ئەوەی بەردەوام داوای ئەندامبوون لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت لەلایەن بلۆکبەندییە سیاسییاکانی جیهانەوە، بەڵام پارتی سیاسەتی دۆستانەی خۆی لەگەڵ هەموو ئەم لایەنە گرنگانەدا پاراستووە و خۆی لە هەمووان نزیک دەبینێت و هاوسەنگیشی لە دۆستایەتی و پەیوەندیی سیاسی و لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا لەگەڵ سەرجەم بلۆکبەندییەکانی پارتە سیاسییەکان لە جیهاندا پاراستووە کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان دەکات، هەربۆیە پارتی لە سیاسەتی دەرەوەیدا بەردەوام هەوڵی داوە و خوازیارە لەم ڕێگەیەوە پشتگیری و هاوسۆزیی هەمووان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کورد بەدەست بهێنێت کە گرنگترینی ئەم بلۆکبەندییە سیاسییانە بریتین لە: یەکیتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهان IDU، ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینترناشناڵ  SI، ڕێکخراوی لیبەرال ئینتەرناشناڵ  LI.

بەهۆی پەیوەندیی بەهێزی سیاسی و دۆستانە و تێگەیشتنیان بۆ خەبات و تێکۆشان و سیاسەت و ڕوانگە و پێگەی بەهێزی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسەکانی سیاسی، ئاشتی و دیموکراسی لەنێو کۆمەڵگای کوردستان و لە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی دەرەوەییدا لە ناوچە و جیهاندا بەردەوام لەلایەن بلۆکبەندییەکانی پارتە سیاسییەکانی جیهانەوە و لە نێویشیاندا دیموکراتەکان، میانڕەوەکان، لیبەراڵ و سۆسیالیست / سۆشیاڵدیموکراتەکان لە جیهاندا پارتی بانگهێشتی کۆنگرە، کۆڕبەند و چالاکییەکانیان دەکەن و هەروا مافی پێشکەشکردنی وتاریشیان بە پارتی داوە.

بەهۆی سەرهەڵدان و بەردەوامی مەترسییەکانی پەتای کۆڤید ١٩ لە جیهان، زۆرێک لە کۆنگرە و کۆڕبەندەکانی سیاسی و جیهانی بە شێوازی ئۆنڵاین بەڕێوە دەچن، ئامانجی بەشداریی شاندەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیاندنی پەیام و وێنەی هەرێمی کوردستانە بە جیهانی دەرەوە و بە پارتە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان و لەڕێگەی بەشداریی کارا لە کۆنگرە و کۆڕبەندە جیهانییەکاندا بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پشتگیرییە بۆ ئەموونی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی. پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی داوە گرووپی دۆستایەتی، یاخود کۆمیتەی کوردی لەنێو بلۆکبەندییە سیاسییەکاندا هەبێت بۆ پشتگیری و چاودیریکردنی پرسی کورد. هەوڵیشی داوە زۆرترین شاندەکانی پارتە سیاسییە پێشکەوتنخوازەکانی وڵاتانی جیهان سەردانی هەریمی کوردستان بکەن و باشتر ئاشنای پرسی کورد و پێشکەوتنەکانی هەریمی کوردستان و ئەزموونی سیاسی و دیموکراسی و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان ببن. پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ بلۆکبەندیی سیاسیی یەکێتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهاندا هەیە و لە بەهاری ساڵی ٢٠١٢دا ( ئێریک مۆئێن)، سکرتیری گشتیی ئەوسای یەکیتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهان لەسەر بانگهێشتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکەم جار سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کە ئەندامێکی چالاکی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی جیهان IYDU ە لەلایەن ئەم هاوپەیمانێتیەوە سەرپەرشتی دەکرێت و یەكێتیی لاوانی دیموکراتی جیهانی باڵێکی سەر بە یەکێتیی پارتە دیموکراتەکانە، ئەم ڕیکخراوە هەروا سەرپەرشتیی ڕیکخراوی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی ئەورووپا و یەکێتیی ئافرەتانی دیموکراتی جیهانیش دەکات.

گەورەترین گرووپی نێو پەرلەمانی ئەورووپا ناسراو بە (EPP) پارتی گەلی ئەورووپا هەروا لەلایەن پارتە سیاسییەکانی دیموکرات و میانڕەو و سەنتەریستەکانی ئەورووپاوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

لە زۆریک لە وڵاتانی ئەورووپا بەهێزن و دەسەڵاتیان هەبووە. هاوشێوەی پارتە دیموکراتەکانی ئەورووپا لە ئەمەریکای لاتین و کارائیب و ئەفریقیا و ئاسیا لە بلۆکبەندییە سیاسییە هەرە بەهیزەکان لە جیهان هەژمار دەکریت.

سەرۆکی ئێستای هاوپەیمانیی یەکێتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهان ستیفان هارپێر، ٢٢مین سەرۆکوەزیرانی کەنەدایە. ئەم کۆڕبەندە سیاسییە بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و ڕۆڵیکی گرنگ دەبینن لە هەڵبژاردنەکانی گشتیی وڵاتان و پرسە سیاسی، ئاشتی و دیموکراسییەکان. پارتە سیاسییەکانی ئەندام لە هاوپەیمانیی یەکێتیی پارتە دیموکراتەکانی جیهاندا سەرکەوتوو بوون لە سەرۆکایەتیکردن و حوکمڕانیکردن لە وڵاتەکانیاندا.