سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

حکومەت: 1387 دەرچووی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ساڵی 2016 – 2017 دادەمەزرێندرێن

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای گفتوگۆ و پێشکێشکردنی راپۆرت لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕی بۆ دامەزراندنی ئەو دەرچووە یەکەم و دووەم و سێیەمانەی کە لە ساڵی خوێندنی 2016 – 2017 دەرچوون و ژمارەیان نزیکەی 1390 خوێندکارە، دوای دەرکردنی بڕیاریش دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ژمارەیەی ئەمجارە دادەمەزرێن، ئەوانەی وەجبەی دووەمن، پێشتریش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 1390 خوێندکاری دیکە دامەزرێندراون لە دەرچووانی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ساڵی 2015 – 2016.

شەڕی داعش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە

بە گوتەی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی تێروتەسەل لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش ئامادە کراوە و دوای خستنەڕووی پێداویستییەکان و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتگیریی لە سەرجەم ئەو راسپارادانە کردووە کە لە راپۆرتەکەدا هاتبوو، بۆئەوەی بە زووترین کات “ئەو پێداویستییانەی کە گرنگن بۆ پێشمەرگە، بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و سەروماڵی هاووڵاتییان بۆیان دابین بکات”.

بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەش کە لە ناوچەکە دروستبووە، جووتیار عادل دەڵێت، هاوئاهەنگییەکی باشتر لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

وەکو گوتەبێژی حکومەت گوتی، وەزیری کاروباری پێشمەرگە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو گرفتە لە ئەنجامی نەبوونی هاوئاهەنگییەکی باشە لەگەڵ حکومەتی عێراق و بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە، کە بووەتە هۆی ئەوەی داعش لێیەوە دزە بکات و هێرش بکاتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
پرسی کۆکردنەوەی داهات لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی پرسی کۆکردنەوەی داهات، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، “لە ناوەڕاستی مانگی 10، دوای ئەوەی کە دیراسەت کراوە، میکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لە شاری سلێمانی بەپێی پێویست نییە. ئەوەبوو لە 15-10-2021 وەزیری دارایی لەگەڵ بەرپرسی فەرمانگەکان چەند جارێک سەردانی سلێمانی-یان کرد، راپۆرتی خۆیان ئامادە کردووە بۆ دەستنیشانکردنی گرفتەکان، لەوێ سستی هەیە لە کۆکردنەوەی داهات، هەندێکی پەیوەستە بە دەوامنەکردنی هەندێک لە فەرمانبەران، هەندێکی پەیوەستە بەوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی لەو ناوچەیە بەپێی پێویست جێبەجێ ناکرێت”. جووتیار عادل باسی لەوەش کرد، “دوای سەردانە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەت بۆ سلێمانی، راپۆرتیان ئامادەکردووە و گرفتەکانیان چارەسەر کردووە، بڕیاریان داوە دەبێت رێنوێنییەکانی وەزارەتی دارایی وەکو خۆی جێبەجێ بکرێن، هەر کەسێک جێبەجێیان نەکات لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. 15-10-2021 تاوەکو 01-11-2021 ئەو رێکارانە گیراونەتەبەر، بەدواداچوون دەکەین بزانین لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا ئەو دۆخە چۆن چۆنییە؟ ئایا بەرەو باشتر دەڕوات یان نا؟ چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی دەکەین”. لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان لەبارەی ئەو 200 ملیار دینارەی کە دەبێت عێراق مانگانە بۆ هەرێمی کوردستانی بنێرێت، گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، “وەکو هەمیشە، هەندێک کاری دەوێت، پرسی رۆتین هەیە؛ بەڵام دڵنیام کە حکومەتی عێراقی دەینێرێت”. پرسی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرماڵەی خوێندکاران پێشتر حکومەت رایگەیاندووە، ئەوەی لە دەسەڵاتی حکومەت بێت و ئەوەی لە توانای دارایی حکومەت بێت بۆ خوێندکاران و هەر توێژێکی دیکە درێخی ناکات و دەیکات، گوتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد، “ئێمە لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارمان داوە پاڵپشتیی دارایی بکرێت، سەرۆکی حکومەت لەگەڵ خوێندکاران و قوتابیان دانیشتووە، داواکاری و داخوازیی قوتابیان ئەوەیە کێشەی بەشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکرێت، ئەمڕۆش باس لەوە کراوە بەزووترین کات پێداویستییەکانیان چ لەڕووی دارایی بێت یاخود کارگێڕی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ دابین بکرێت”. سەربارەت بە یارمەتیدانی ئەو قوتابیانی لە خانەوادەیەکی کەم دەرامەتن، جووتیار عادل گوتی، “ئەو بابەتەش گفتوگۆی لەسەر کراوە، بە دڵنیاییەوە لەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دیراسەت دەکرێت و بڕیاری گونجاویش لەوبارەیەوە دەدرێت کە لە بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندکاراندا بێت”. بە گوتەی گوتەبێژەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، “ئەو بابەتە پێشتر بە سیاسی کراوە، هەروەها هەندێک خەڵک خۆیان خزاندووەتە ناوی”، دەشڵێت، “وەکو حکومەت رێگە بەوە نادەین، حکومەت بە جیددی کار لەسەر ئەو بابەتە دەکات، خەمی حکومەت و کاری لەپێشینەی ئەوەیە ئاستێکی باشی خوێندن و ئەکادیمی و خزمەتگوزاری بۆ قوتابیان و خوێندکاران پێشکێش بکات”. سەبارەت بە مامۆستایانی وانەبێژیش جووتیار عادل دەڵێت، “ئەو بابەتە پێشتریش ئاماژەمان پێداوە کە وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە لە دیراسەتدان، بۆئەوەی بزانین ئەمە چۆن دەکرێت و چەندی دەوێت، دوای ئەوە دەهێندرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە دەدات”.