پێشتر حکوومەت گاز “غاز”ی پێویستی بۆ گەڕەکەکانی شار بەدەست دەگەیشت و لە رێی بریکارەکانەوە، بە سەر گەڕەکەکاندا بە نرخێکی گونجاو و دیاریکراو دابەشی دەکرد. ئێستاش هەمان پڕۆسە بەردەوامە بەڵام کەرتی تایبەت دۆخەکەی لە قازانجی خۆیدا قۆستۆتەوە. نەبوونی چاودێریی پێویست لەسەر دابەشکردنی بەرهەمەکە لە لایەک و کەمبوونەوەی پشکی گازی شارەکان و بەرزبوونەوەی داخوازی وای کردووە بە دەگمەن هاووڵاتیان بە نرخی حکوومی گازیان دەست بکەوێت و بە ناچار گرانتر دابینی بکەن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ماوەیەکە داخوازی لەسەر گاز ” غاز” زیادی کردووە. بەشێک لە هاووڵاتیان بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان پشت بە وزەی گازی سروشتی دەبەستن بەڵام چاوچنۆکیی بەشێک لە بازرگانان و کاسبکاران و سستبونی چاودێریی حکوومەت لە گەڕەکەکان هۆکاری سەرەکییە لەوەی نرخی گاز لەسەریان گران بکرێت.
فەرمانبەرێکی کارگەی گازی هەولێر کە پێی باش نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ هەولێر باسی لەوە کرد کە ئێستا جگە لەو کارگەیەی گاز بۆ حکوومەت دابین دەکات، کارگەی تریش هەن کە هی کەرتی تایبەتن و گاز دابەش دەکەن. بەرنامەکەی حکوومەت ئەوە بووە هەر دوو جۆری گازی ئازاد و حکوومی لە بازاڕ هەبێت بۆ ئەوەی قەیرانی گاز نەیەتە کایەوە. هەموو ئەو بڕە گازەی بە کارگەکەیان دەگات دابەشی بریکارەکانی دەکەن بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەوە ئاگادار نین گازەکە بە چ مکانیزمێک بە گەڕەک و ماڵەکان دەگات و تەنیا قایمقامیەتی سەرپەرشتی ئەو بەشە دەکات.
ئەو روونی کردەوە قایمقامیەت ماوەیەک لەگەڵ ئۆتۆمبێلی تایبەت بە دابەشکردنی گاز فەرمانبەرێکی پۆلیسیشی رەوانە دەکرد بۆ ئەوەی چاودێر بێت بەسەر چۆنیەتیی دابەشکردنی گازەکە و تەنیا هەندێک گەڕەکی راقی ئەو چاودێرییەیان بۆ دانەنرابوو. بە گوتەی فەرمانبەرەکە کارگەی حکوومەتی نرخی هەر قنیلەیەک بە حەوت هەزار و ٥٠٠دینار بە بریکارەکان دەفرۆشێت و ئەوانیش دەبێ بە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینار دابەشی بکەن، بەڵام پێ دەچێت فێڵ بکەن و هەر بە نرخی ئازاد ساغی بکەنەوە.
هاووڵاتییان لە پڕۆسەی دابەشکردنی گاز بە گلەیین و دەڵێن سەردەمیک گوێیان کەڕ ببوو هێندەی ئۆتۆمبێلی دابەشکردنی گازی حکوومەت بە مۆسیقا جۆراوجۆرەکانیان بە پێش دەرگاکانیان بڕوات، بەڵام ئێستا ئارەزوویانە گوێیان لە مۆسیقای سروودی خوایە وەتەن ئاواکەی بێت.
هاووڵاتییەکی تر کە دانیشتووی گەڕەکی راستییە گوتی دوای سێ هەفتە چاوەروانی گوێی لە مۆسیقاکە بوو و بەپەلە خۆی گەیاندە کۆڵان تا قنیلەی گازەکەی بگۆڕێتەوە، کەچی کابرای شوفێر گوتی بە ١٢ هەزار دەگۆڕنەوە، ناوبراو گوتی “ویستم سەیری تابلۆی سەر کیاکە بکەم و ژمارە تەلەفوونەکە وەربگرم و سکاڵا تۆمار بکەم، کەچی بە تەواوی رەش کرابووەوە و شوفێرەکەش پێی گوتم چیتر بۆ حکوومەت کار ناکەم.”
ناوبراو پێی وایە حکوومەت چیتر ناتوانیت چاودێری ئیشەکانی خۆی بکات و کەرتی تایبەتی دەستئاوەڵا کردووە تا بە کەیفی خۆی نرخ دابنێت، رۆژێک بە ١٠ هەزار و رۆژێکی تر بە ١٥ هەزار پێیان بفرۆشرێت.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێربۆ هەولێر روونی کردەوە، هۆکارێکی سەرەکی وای کردووە بەشێک لەو گازەی لە بازاڕ ساغ دەکرێتەوە هیی کەرتی تایبەتی بێت، ئەویش ئەوەیە ئەو بڕە گازەی پێشتر کۆمپانیای پێوەندیدار بۆ هەولێری دابین دەکرد ئێستا دابینی ناکات و ئەگەر هەمان بڕە گاز دابەش بکرێت، ئەوا بە هیچ شێوەیەک پێداویستییەکانی خەڵک بە گاز پڕ ناکاتەوە، چونکە وەرزی سەرما دەستی پێ کردووە و داخوازی لەسەر گاز زیادی کردووە.
بە گوتەی قایمقامی هەولێر پێشتر رۆژانە ٤٠٠ تۆن گازیان بۆ دابین دەکرا کەچی ئێستا بۆ سەرووی٢٠٠ تۆن کەمی کردووە و وەک قایمقامیەت هیچ کەمتەرخەمییەکیان نییە و ئەرکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە تا کۆمپانیای بەرهەمهێنەر ناچار بکات گازی زیاتر بۆ حکوومەت دابین بکات.
جێی باسە ئەو گازەی لە لایەن دانەگازەوە بەرهەم دەهێنرێت لە لایەن کۆمپانیایەکی تر بەبازاڕ دەکرێت و سەربەست کراوە لەوەی بەشێکی لە بازاڕی ئازاد ساغ بکاتەوە و تەنانەت بۆ شوینی تریشی بنێرێت.
لەبارەی چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی گازی حکوومەت دەگوازنەوە، قایمقامی هەولێر ئاماژەی دا پۆلیسیان لەگەڵدا رەوانە دەکەن و تەنانەت تابلۆکانیشیان بە لەحیم لە سەیارەکانیان داوە بۆ ئەوەی تابلۆکانیان نەگۆڕن و فێڵ لە خەڵک نەکەن هەر چەندە هەندێک لەوانە دوو ئۆتۆمبێلیان هەیە و گازی کەرتی تایبەتیش ساغ دەکەنەوە.