هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ڕێبەر ئەحمەد: له‌ دوای ڕاپەڕینه‌وه‌ بە گرنگییەوە سەیری ڕۆڵی ئافرەتمان کردووە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لە بەشداریی ئافرەت لە ئاشتی و پاراستنی ئاشتی لە کۆمەڵگەدا کرد.

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بڕیاری 1325 دەستکەوتێکی زۆر گەورە بوو بۆ هەموو جیهان بە تایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتریش بۆ عێراق.

وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە پێکداداندا بووە و عێراقیش لە ناوەڕاستی ئەو پێکدادانە بووە و گوتیشی: عێراق نە بۆ خۆی سەرچاوەی ئاشتی بووە و نە بۆ دەوروبەری خۆی هۆکاری ئاشتی و سەقامگیری بووە، بۆیە بڕیاری 1325 دەستکەوتێکی ترە بۆ ئافرەتان و ژنانی عێراق کە لەدوای ٢٠٠٣ـوە عێراق تەبەننی ئەو بڕیارەی کرد و وەکوو یەکەم وڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرنامەی خۆی بۆ دانا، ئەمە دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە”.

ڕێبەر ئەحمەد سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت لە هەرێمی کوردستاندا ڕوونی کردەوە: ”ئەگەر بەراورد بکەین لە ڕووی گەشەسەندن و پێگەیاندنی پێگەی ئافرەت لە کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسیدا، هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ عێراق و هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەمە دەستکەوت و شانازییەکە کە دوای ڕاپەڕین بە گرنگییەوە سەیری ڕۆڵی ئافرەتمان کردووە”.

وەزیری ناوخۆ ئەوەشی گوت کە بڕیاری 1325 باس لە ئاشتی و بەشداریی ئافرەت لە ئاشتی و پاراستنی ئاشتیدا دەکات. ئەگەر باردۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی لەبار نەبن، نەک هەر ئافرەت لە ئاشتیدا ناژی، بەڵکوو تەواوی کۆمەڵگە لە توندوتیژییەکی تەواودا دەژی، وەکوو ئەوەی ئێستا لە عێراقدا هەیە”.

ڕێبەر ئەحمەد دووپاتی کردەوە کە ”بوونی داعش هەتا ئێستاش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا، لە ماوەی ئەم حەفتەیەدا پێشمەرگە قارەمانەکانمان دوو جار لە ناوچەکانی گوڵاڵە و کفری ڕووبەڕووی هێرشی داعش بوونەوە  کە شەهید و برینداریشمان هەبووە”.

وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە کە ”هەتا سەرچاوەی نائارامی لەناو نەبەین، ناتوانین ئاشتی و سەقامگرییەکی بەردەوام بۆ کۆمەڵگە و بۆ ئافرەت دابین بکەین. ئەوەی ئێستا مامەڵەی لەگەڵ دەکەین دەرەنجامی کێشەکانە، دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جددی بن لەو بارەیەوە”.

ڕێبەری ئەحمەد گوتیشی: ”ئێمە لە هەرێمی کوردستان کە دەڵێین هێشتا مەترسیی داعش لە عێراق ماوە، ئەوە شرۆڤە نییە، بەڵکە لەسەر بنەمای داتا و زانیاریی پشتڕاستکراوه‌ی دامەزراوە هەواڵگرییەکان باسی ئەوە دەکەین و رەفتاری داعش بە هێرشکردن بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق نیشان دەدات کە هێشتا توندوتیژی زۆرە، تا ئەوانە چارەسەر نەکرێن ئافرەت ناتوانێت ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگەی عێراقدا بگێڕێت”.