جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ ڕۆژنامەی هەولێر: بوونی پەکەکە لە هەندێک ناوچەی سنووری دهۆک کێشەی زۆری بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە

ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێت، بە گوژمەی سەدان ملیار دینار زیاتر لە 300 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شاروشارۆچکەکانی سنووری پارێزگای دهۆک خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. دەشڵێ؛ بوونی پەکەکە لە هەندێک ناوچەی سنووری دهۆک کێشەی زۆری بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە. بوونی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان وای کردووە، خەڵک ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، هەروەها حکوومەتیش نەتوانێت وەکو پێویست دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بکات.

جێگری پارێزگاری دهۆک، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیەکی زۆری بە سنووری پارێزگای دهۆک داوە و، هاووڵاتیانیش هەست بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکەن. بەتایبەتی لە دوو ساڵی رابردوودا سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەخۆشی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە جێبەجێ کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان، لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر لە 300 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی سەدان ملیار دینار جێبەجێ کراون، پڕۆژەکانیش هەموو کەرتەکانی لەخۆ گرتووە، جگە لە پرۆژەکانی کەرتی تایبەت، کە حکومەت هاوکار بووە بۆ ئەوەی ئەو کەرتە رۆڵی خۆی ببینێت و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری دهۆک جێبەجێ بکرێن. دابەشکردنی پڕۆژەکانیش بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بووە لە نێوان هەموو دەڤەرەکانی پارێزگای دهۆک کە جێبەجێ کراون، هیچ ناوچەیەک نییە کە پرۆژەی خزمەتگوزاری لێ جێبەجێ نەکرا بێت، هەتا ئەو پڕۆژانەی پێشتر ڕاگیرابوون تەواو کراون، کە دەیان پڕۆژە لەخۆ دەگرێت”.
ماجد سەید ساڵح، دەشڵێ:” پڕۆژەکانی پارێزگای دهۆک و دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ شاری دهۆک کاریگەریی کردووەتە سەر ڕەوشی پارێزگاکە و گۆڕانکاری زۆر لە دهۆک ڕووی داوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی دهۆکەوە سەردانی شارەکە دەکەن هەست بە گۆڕانکاری زۆر دەکەن”.
جێگری پارێزگاری دهۆک، گوتیشی:” ئەو پرۆژانەی کە جێبەجێ کراون زیاتر ئەو پرۆژانەن کە گرێدراون بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە، زۆر گرنگی بە بواری رێگەوبان دراوە، لە سەنتەری شارەکان بگرە تا دەگاتە رێگەی گەڕەک و گوندەکان چاک کراون، هەروەها لە بواری کارەبا پرۆژەی زۆر باش کراوە، لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ زۆر گرنگی بە سنوورەکە دراوە، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ وشکە ساڵی بوو، بەڵام هیچ کێشەیەکی وا لە سنووری پارێزگای دهۆک نەبووە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێک کە حکوومەت گرنگیەکی زۆری بەو کەرتە داوە. ئەوانەش هەموو بەپێی داخوازی هاووڵاتیان بووە، لە داهاتوودا بودجەی زیاترمان بۆ دێت، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵکی سنووری دهۆک بکەین.
ماجد سەید ساڵح، ئاشکراشی کرد:” ئیدارەی زاخۆ گرنگیەکی زۆری هەیە، ئەوەش داخوازی خەڵکی ناوچەکە بوو، گرنگی دان بە ئیدارەی زاخۆ، شێوەی کاری ئەوان دەگۆڕدرێت، بەرپرسی ئیدارە وەکو پارێزگار دەسەڵاتی هەیە، بەڕێوەبەرەکانی ناو قەزا دەسەڵاتیان زیاتر دەبێت، ئەوەش وا دەکات کە زووتر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ بکرێن، جگە لەوەی هاووڵاتیان دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا کارەکانیان راپەڕێنن.
سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی سنووری دهۆک، جێگری پارێزگاری دهۆک، ڕایگەیاند:” بوونی پەکەکە لە هەندێک ناوچەی سنووری دهۆک کێشەی زۆری بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە، بوونی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان وای کردووە خەڵک ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن، هەروەها حکوومەتیش نەتوانێت وەکو پێویست دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بکات، ئەگەر هاتبا پەکەکە لە گوند و ئاواییەکانی سنووری دهۆک نەبایە، هەم گوندەکان ئاوەدان دەبوونەوە، هەمیش حکوومەت دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ دەکرد و بە دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە جێبەجێ دەکرد، بەتایبەتی لەرووی کەرتی گەشتیارییەوە کە چەندین ناوچەی گەشتیاری گرنگ لەو ناوچانە هەن ئەگەر دروست کرابانە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی لەو ناوچانە دەکرد، ئەوەش وای دەکرد کە هەلی کار پەیدا ببێت و خەڵکی ئەو ناوچانە بە کاری رۆژانەوە خەریک بن، بەوەش داهاتێکی باشیان دەست دەکەوت”.

ھەواڵی زیاتر