رێڤینگ هرۆری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش لە پەرلەمان: پێداچوونەوە بە مووچە و دەرماڵەی پێشمەرگەدا دەکرێت

رێڤینگ هرۆری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ “هەولێر” دەڵێت:” هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هۆکاری زیادبوونی جموجۆڵی داعشە. دەشڵێ، یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم چاکسازییە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکی حکوومەت جددیە لەسەریاساکە و پلەی پێشمەرگە بەرز دەکرێتەوە و، پێداچوونەوە بە دەرمالە و مووچەی پێشمەرگەدا دەکرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پرۆژە 35 خاڵییەکەی چاکسازی لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە، لە چوارچێوەی چاکسازییەکاندا لیوای نوێ دروستدەکرێن و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش بەردەوام دەبێت، پرۆژەکە پێکدێت لە رێکخستنەوەی پێشمەرگە و هەواڵگری، رێکخستنی ئامادەکارییە لۆجستییەکان، رێکخستنی پڕۆژەی پزیشکی و بودجە، تۆمارکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە سیستمی بایۆمەتری، دانانی سیستمی بانکی، دانانی سیستمێکی سەربازیی ستراتیژی، پێداچوونەوە بە مووچە و خانەنشینی، هاوئاهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، پێداچوونەوە بە میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دیار کرد: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە رێز لە قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە گرتووە و هەموو هەوڵێک دەدات خزمەتێکی شایستە پێشکەش بە پێشمەرگە و کەسوکاری شەهیدەکان بکات.
رێڤینگ هرۆری، گوتی: “بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت، مەترسی داعش بەردەوامە، رۆژانە هێرش دەکاتە سەر هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئەوەش بۆ هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەرێتەوە، حکوومەتی هەرێم چەندین جار داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە، کە هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەمووان پێکەوە بتوانن رێگری لە داعش بکەن و ئەو گروپە تیرۆریستیانە لەو ناوچانە نەهێڵن، تا ئێستا هەندێک هەنگاو نراون، بەڵام وەکو پێویست نییە”.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: “ئەگەر بمانەوێت بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان ئاسایی ببێتەوە، دەبێت هەماهەنگی هەبێت، هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی ببێتەوە و دووبارە ژیان بۆ ئەو ناوچانە بگەرێتەوە، ئەگەرنا رۆژبەرۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەبێت.
رێڤینگ هرۆری، جەختی لەوەش کردەوە:” یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی حکوومەت چاکسازیە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، هەوڵەکانیش لە رووی ئیداریەوە دەستی پێ کردووە و یەکخستنی ئەو هێزانەش لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا ئامادە کراوە، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ئەوەن چاکسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بکرێت تا ئێستاش هەنگاوی گرنگ نراون، هەموو بەرێوەبەرایەتیە خانەنشینیەکان دەبن بەیەک بەڕێوەبەرایەتی، کە لە هەرێمی کوردستان 11 بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی هەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک بە نایاسایی خانەنشین نەبێت و هەرکەسە و بە مافی خۆی خانەنشین ببێت.
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد: “یاسای چاکسازی بۆ رۆژێک و دوو رۆژ نیە، بەڵکو بەردەوام دەبێت، ئیرادەیەکی بەهێز هەیە، سەرۆکی حکوومەت جددیە لەسەر ئەوەی کە ئەویاسایە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، چونکە یاساکە خزمەتێکی زۆری هێزی پێشمەرگە دەکات، پلەی پێشمەرگە بەرز دەکرێتەوە، ئەوانەی تەمەنیان گەیشتووتە ئەوەی کە خانەنشین بکرێن، خانەنشین دەبن، هەروەها پێشمەرگە پڕ چەک دەکرێت، بەوەش هێزی پێشمەرگە بەهێزتر دەبێت، هەروەها ئەوانەی مووچەیان کەمە مووچەکانیان زیاد دەکرێت، هەروەها پێداچوونەوە بە دەرمالە و مووچەی پێشمەرگە دەکرێت و هەموو هێزی پێشمەرگە دەبن بەیەک هێز و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دەبن، بەڵام وەکو گوتم یاساکە بۆ رۆژێک و دوو رۆژ نیە و کاتی دەوێت.
رێڤینگ هرۆری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، روونیشیکردەوە:” وەکو لیژنەی پێشمەرگە چەند پرۆژەیاسایەکمان ئامادە کردووە، پرۆژەیاساکە بۆ ئەو پێشمەرگانەیە کە لەناو ڕیزەکانی شۆڕش بوون، کە ماف و ئیمتیازات و دیاریکردنی رۆژی پێشمەرگە لەخۆ دەگرێت، بەڵام هەموو ئەوانە پێویستی بە پشتگیری لایەنەکان هەیە”.

ھەواڵی زیاتر